هێمن هەورامى: پارتی و یەکێتی جگە لە رێککەوتن هیچ بەدیلێکیان نییە

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان تەئکیدی کردەوە لە ئەنجامدانی کۆبونەوەکەی پەرلەمان ١٨ی شوبات و وتیشی،  پارتی و یه‌كێتی جگه‌ له‌ رێكه‌وتن هیچ به‌دیلێكیان نیه‌.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤ی شوبات هێمن هەورامى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پارتی لەگەڵ کۆبونەوەکەى ١٨ ى مانگدایەو کۆبونەوەکەش دەکرێت".
 
وتیشی"چەند مانگێکە هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان دواکەوتوە، کات دراوە بەگفتوگۆى لایەنەکان و دەبێت هەموان بەیەکەوە بین بۆ بەهێزکردنى دامەزراوەکانى هەرێم، تاوەکو متمانەى هاوڵاتیان بەهێزتر بکرێت".

لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و پارتی هەورامى وتی ، یەکێتى و پارتى لە ٥ى شوبات رێکەوتنێکیان واژۆکردوە، وەک دوو هێزى گەورەى براوە رێكه‌وتون لەسەر بەروارى کۆبونەوەى پەرلەمانی کوردستان، بۆیە پێمان خۆشە ئەمڕۆ رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، هەرچەندە بەدڵنیاییشەوە ئەگەر بکەوێـتە  دواى ١٨ى شوباتیش هەر واژۆ دەکرێت، چونکە ئێمە و یەکێتى جگە له‌ رێكه‌وتن هیچ به‌دیلێكی ترمان نیە".

لەبارەی پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتی و جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ پارتی و جێگری دووه‌می سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێكهاته‌ی توركمانه‌.


PM:12:10:14/02/2019