ئەمڕۆ ١٥ ی شوبات ٢٠ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی سەرکردەی باکووری کوردستان و پەکەکە، عەبدوڵا ئۆچ ئالان تێدەپەڕێێت، تا ئێستا لە باکوری خەباتی مەدەنیی و چەکداری بەردەوامەو کێشەی کورد لەو پارجە گەورەیەی کوردستان چارەسەر نەکراوە.
پێش ٢٠ ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی كاتێك پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو سوریا بەتەوای تێكچوو، حکومەتی تورکیا هەڕەشەی لەدیمەشق كرد كە پشتگیریی پەكەكە نەكاتو هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازیی كرد دژی ئەو وڵاتە.
حکومەتی سوریا فشاری خستە سەر ئۆجالان، ئەویش بڕیاری بەجێهێشتنی سوریایداو ڕونیكرده یۆنان، بەڵام بەهۆی فراوانی گەلەگۆمەكەو فشارەكانی یۆنان داوای مانەوەی ئۆجالانی لەو وڵاتە ڕەتكردەوە، دواتریش بۆ هەمان مەبەست چووه ڕوسیا، لەوێش ڕێگەی مانەوەی پێنهدرا، پاشان چووه ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، بەڵام لەوێش دوای مانەوەی بۆ ماوەیەك ئیتاڵیاش مافی مانەوەی پێنهدا.
ئۆجالان ناچار بو جارێكی تر ڕو لەڕوسیا بكاتهوە، بەڵام ئەمجارەش ڕێگەی مانەوەی پێنهدراو جارێكی دیكە ئەو وڵاتەی جێهێشتو ڕوی لەهۆڵەندا كرد، لەهۆڵەنداش ڕێگەی مانەوەی پێنهدراو ڕاستەوخۆ گهرێنرایهوه بۆ یۆنان، دواتر ئۆجالان ڕوی لەوڵاتی كینیا كرد.
ئۆجالان، لەكینیا لەماڵی باڵیۆزی یۆنان دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر بەپیلانێکی نێودەوڵەتیی وڵاتانی ئەمریكا، یۆنان، توركیاو ئیسرائیلو کینیاو چەندین دەزگای تری سیخوڕیی وڵاتانی دیكەی ناتۆ، بەفێڵ ڕەوانەی فڕۆكەخانەی پایتەختی كینیا كراو لەوێ لەئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی دەزگا سیخوڕییەكانی ئەو وڵاتانەدا لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا ئۆجالان ڕفێندراو بە فڕۆكەیەك گواسترایەوە بۆ توركیاو ڕادەستی ئەو وڵاتەكرایهوه.
پاش دادگاییكردنی، دادگای توركیا سزای لهسێدارهدانی بهسهر ئۆجەلاندا سهپاند، دواتر سزاكهی گۆڕدرا بۆ زیندانیکردنی هەتاهەتای.
عهبدوڵا ئۆجالان ناسراو بهئاپۆ، له بەرواری ٤ ی نیسانی ١٩٤٩ لهگوندێکی سهر بهپارێزگای ئورفهی باکوری کوردستان لهخێزانێکی جوتیاری ههژار لهدایکبووه.
زاراوەی (ئۆجهلان) بهمانای تۆڵهستێنو هەروەها (ئاپۆ)ش بهمانای مامه دێت.
ئۆجهلان زانسته ڕامیارییهکانی زانکۆی ئهنقهرهی تەواوکردووەو لەژیانی خوێندکاری زانکۆیشیدا چۆتە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی سۆسیالیستیو بەمەبەستی هەوڵدان بۆ بەرەنگاربونەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بەنەتەوەکەی، پاشان بۆ ئەم مەبەستە لهساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا (پارتی کرێکارانی کوردستان)یان دامهزراند.
دواتر لەساڵی ١٩٨٤دا پارتی کرێکارانی کوردستان، شۆڕشی چەکداری لەباکوری کوردستان هەڵگیرساندو ئۆجەلان بەردەوامبو لەبەرەنگاربونەوەی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا تا ڕۆژی دەستگیرکردنی لەڕۆژی ١٩٩٩/٢/١٥دا.
٢٠ ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێدەپەرێت تا ئێستا پەکەکە بەردەوامە لە خەباتی چەکداری و هەدەپەش بەردەوامە لە خەباتی مەدەنی و ئێستا خۆپیشاندان و مانگرتنی گەورە لە باکور بەڕێوەدەچێت.