هەسەدە هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەکەی ئەمریکاوە ڕاگەیاند

بەرپرسانى هەسەدە ڕایانگەیاند پێشوازی لە بڕیارەکەى ئەمریکا دەکەن سەبارەت بە مانەوەى سەربازەکانیان لە سوریا و فەرماندەیەکی هەسەده-ش دەڵێت، " ئەو بڕیارە ناوچەکانمان لە پێکدادان دەپارێزێت".

عەبدولکەریم عومەر، فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "بڕیاردانی ئەمریکا بە مانەوەى ٢٠٠ سەرباز لە سوریا کارێکى زۆر باشە و وا دەکات وڵاتانی ئەوروپاش لەو ناوچانە بمێننەوە و متنانەیان بۆ دروستببێت".

ئەوەشی وتووە، ئەمە جگە لەوەى مانەوەى هێزەکانی ئەمریکا وا لە حکومەتى سوریا دەکات گفتوگۆی جدیتر بکات بۆ چارەسەرکردنی سیاسییانەى کێشەکان".

ئەمەش لە دوای ئەوە هات ئەمڕۆ سارا ساندەرس وتەبێژی کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی کەمی هێزەکانی ئەمریکا کە ژمارەیان لە دەوروبەری ٢٠٠ سەربازدا دەبێت بۆ ماوەیەکی کاتی لە سوریا دەهێڵدرێنەوە.

هاوکات، بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، ئەو ٢٠٠ سەربازە ئەمریکییە دابەشدەکرێن بەسەر دوو بەشدا، بەشێکیان لە ناوچەی ئەلتەنف لە نزیک سنوری عێراق-ئوردن دەمێننەوە، ئەوانی دیکەش لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا جێگیردەبن.

ئەم وتانەی وتەبێژی کۆشکی سپی دوای گفتوگۆی ترەمپ و ئەردۆغان هات کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەسەر ڕەوشی سوریا و پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتە قسەیان کردووە.

لە کاردانەوەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا، لیندزی گراهام سیناتۆری ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، کە یەکێکە لەو بەرپرسانەی ئەمریکا کە رەخنە لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەگرێت، پێشوازی لە بڕیاری هێشتنەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا کرد و بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ڕاگەیاند "بڕیاری هێشتنەوەی بەشێک لە هێزەکان تا ببنە هێزی بەشداربوو لە سەقامگیرکردنی دۆخی سوریا، دڵنیایی ئەوەمان پێدەدات کە تەواوی سەرکەوتنەکانمان لە سوریا بەفیڕۆناچێت".

 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە سوریا ڕاگەیاند و ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکیی بەدوای خۆیدا هێنا.


PM:03:17:22/02/2019