ئارێز عەبدوڵا: رێککەوتنەی گۆڕان و پارتی لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکانی تر باشتر نابێت

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت کە ئەم رێککەوتنەی گۆڕان و پارتی تیماری دەردی وڵات ناکات و ئەنجامەکەی لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکانی تر باشتر نابێت.

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە نوسینێکیدا دەڵێت: قسەم لەسەر ناوەڕۆکی ڕێکەوتننامەی گۆڕان و پارتی نیە بەڵام ئەو ڕێکەوتنە تیماری دەردی وڵات ناکات و لە ڕێککەوتنەکانی نێوان گؤران و پارتی و یەکێتی و پارتی باشتر نابێت.

دەشڵیت: ئەو سیستەمە حوكمڕانیە سەقەتە بەرێككەوتنی ئەم حزب و ئەو حزب لەسەر دابەشكردنی پۆست و پلەو پایەكان راست ناكرێتەوە و لە بنەڕەتدا نییەتی چاكسازی راستەقینە و راستەڕێكردنی سیستەمی سیاسی و حوكمڕانی لە كوردستان نییە.

ئەوەشدەخاتە روو، کە پارتی سودی لە ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان وەرگرتووە بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئامانجەكەی خۆی بەكارتی گۆڕان بێ‌ منەتی بەرامبەر بە یەكێتی نیشاندا.

لە کۆتایی نوسینەکەشیدا ئاماژەبەوە دەکات، کە تەنیا لەیەك حالەتدا دڵنیا دەبین كە رێككەوتن یان رێككەوتنەكان هۆكاری چارەسەری قەیران و كێشەكانن كە تەواوی لایەنە كوردستانیەكان لەسەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی و نەخشە رێگایەكی كات دیاریكراو رێكبكەوین، دەنا ئەو رێككەوتنەی گۆڕان و پارتی ئەگەر چوار ساڵی ئارامیشی بەدوادا بێ‌ كێشەكان چارەسەر ناكەن و بارودۆخەكە هەر هی بەزمی جاران دەبێت.



PM:04:54:22/02/2019