وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند کە 199 پەنابەری عێراقییان لە تورکیاوە گەڕاندوەتەوە بۆ عێراق.
ئەمڕۆ 22ی شوباتی 2019 وەزارەتەکە لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو پەنابەرانە لەڕێگەی بەرنامەیەکی وەزارەتەکەوە خۆیان تۆمارکردوە کە بە خواستی خۆیان وەزارەت بەبێ بەرامبەر دەیانگێڕێتەوە بۆ عێراق.
باسی لەوەشکردوە کە ئەو پەنابەرانە لەڕێگەی وشکانییەوە و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕێنراونەتەوە، پێشتر خۆیان لە کەمپی ئەکەدەی تورکیا بوون.
هێمای بۆ ئەوەشکردوە کە کادرەکانی وەزارەتەکە لە هەولێر و دهۆک پێشوازییان لە پەنابەرەکان کردوە و دوای وردبینی لە ناوەکانیان و پێدانی خواردن و جلوبەرگ پێیان بە هاوکاری کۆمسیۆنی کاروباری پەنابەران دەگەڕێنرێنەوە بۆ شارەکانیان.