ئەڵمانیا سیاسیەکی ناسراوی کوردی ئازاد کرد

دادگای ئەڵمانی " مەحمود کایا " کە لەحوزەیرانی ٢٠١٨ لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا دەستگیرکرابوو، بەمەرج ئازادکرا. 

ئەو سیاسەتمەدارە کە لەسەر پەیوەندی بە پەکەکەوە دەستگیرکرابوو،  خەڵكی شاری چەولیكی باكوری كوردستانەو لە مانگی حوزەیرانی (2018) لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا، بە تۆمەتی هاوكاری كردنی پەكەكە دەستگیركرابوو، ئەمڕۆ بەمەرج ئازاد كرا.

میدیاکانی باکور بڵاویان کردۆتەوە، دانیشتنی دادگا‌یی كردنی كایا، لە دادگای سزادانی هامبۆرگ بەڕێوەچوو، مەحمود كایا لە دانیشتنەكەدا بەرگری لە خۆی كردو ڕایگەیاند، گوندەكەیان لە كاتی ڕاپەڕینی (شێخ سەعیدی پیران) دا سووتێندراوەو دەیان هاوڵاتی مەدەنی كوژراون، وتیشی: هەمیشە لەنێو تێكۆشانی گەلی كورددا بوومەو لە ئێستاو بەدواوەش بە هەمان شێوە بەردەوام دەبم.

كایا تۆمەتبار کراوە بەبەرپرسیارێتی باڵا لەنێو پەكەكەداو، بەشداری كردووە لە ڕێپێوان و چاڵاكییەكان و پارەی كۆكردۆتەوە، ئەمانە بە گوێرەی یاسای ئەڵمانیا تاوانن.

دوای ناوبرێك، دەستەی دادگا‌ سزای (17) مانگ زیندانی كردنی بۆ (مەحمود كایا) بڕیەوە، لە بڕیارەكەدا پڕۆسەی ماوەی ڕابردووی زیندانیكرانی ناوبراو لەبەرچاو گیرا و بڕیاری ئازادكردنی بۆ دەركرا بەو مەرجەی سێ ساڵ چاودێری بكرێت.
 
 



PM:10:33:22/02/2019