زانیارییەكی نوێ لەبارەی هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەوە ئاشکرادەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی میدیای پارتیەوە لەبارەی هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران چەند زانیارییەکی ئاشکرا کرد.

ماڵپەڕی "باسنیوز"ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە لابردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، بەستراوەتەوە بە بودجەی عێراق، وتی "لە بودجەی عێراقدا چەند ئەگەرێك بۆ بەشی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ نموونە، 522 ملیار دیناری مانگانە بنێرن، ئەگەرێکی تر ئەوەیە هەر 317 ملیار دینار بنێرن، بەڵام ئەگەر 522 ملیار دینارەكە بنێرن ئەوا پاشەكەوتی مووچە هەڵدەگیرێت".

ئەوەشی خستۆتەڕوو، بڕیاری لابردن و دەستكاریی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە، لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە، وتیشی "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لابردنی پاشەكەوت بدات، ئەوا ئێمە گەنجینەكان ئاگادار دەكەینەوە، ئەوانیش وەزارەتەكان ئاگادار دەكەنەوە بۆ ئەوەی لیستی مووچە بە بێ پاشەكەوت ئامادەبکرێت و ڕەوانەی گەنجینەکان بکرێت بۆ وردبینی".

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی روونیشی کردۆتەوە، تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی مانگی 1ی 2019 لە وەزارەت و فەرمانگەكان داوا نەكراوە و وتیشی "ئێستا بۆ مووچە 725 ملیار دینار مانگانە خەرج دەكرێت، ئەگەر بەبێ پاشەكەوت مووچە بدرێت، ئەوە مانگانە پێویستمان بە 890 ملیار دینارە، بۆیە ئەگەر بودجەی عێراق بەتەواوەتی بێت و بە داهاتی ناوخۆش دەتواندرێت پاشەكەوت هەڵبگیرێت".

جەختیشی كردەوە، ئەگەر پەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازیی پەسند بكات، ئەوە زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە و داهاتێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی پاشەكەوت نەمێنێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر بەغدا 952 ملیار دیناری سێ مووچەی ساڵی رابردوو بنێرێت، ئەوە دەتواندرێت دوو مووچە پێكەوە بدرێت، بۆ ئەوەش نووسراوێكی تر دراوەتەوە بەغدا وتیشی "ئەگەر ئێستا بەغدا 522 ملیار دینار بنێرێت، ئەوە بە داهاتی فرۆشتنی بەشێكی نەوت و داهاتی ناوخۆ، دەستكاریی پاشەكەوت ئاسانتر دەبێت و ئەوكات ئەگەری زۆرە لە مانگی 4 پاشەكەوت هەڵبگیرێت".

پێشووتر رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بوو، بەغدا بەڵێنی داوە پارەی زیاتر رەوانە هەولێر بکات، بەڵام تا ئێستا ئەو پارەیە رەوانە نەکراوە، ئەگەر رەوانە بكرێت، ئەو كاتە پاشەكەوت هەڵدەگیرێت.

هاوکات ئیخڵاس سەباح، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە هەمان میدیای ڕاگەیاندووە بەپێی ئەو بودجەیەی بەغدا دەینێرێت، سیستەمی پاشەكەوتی مووچە نامێنێت، وتیشی "مانگانە 522 ملیار دینار بە مسۆگەری بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، ئەو كاتە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 300 ملیار دیناری ترە، بۆ هەڵگرتنی پاشەكەوت، بۆیە بە داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی بەشێكی نەوت دەتوانێت پاشەكەوت لابەرێت".

پەرلەمانتارەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "لەدوای پەسەندكردنی بودجەوه كاری ئەندامانی په‌رله‌مان ئەوەیه چاودێریی رەوانەكردنی ئەو پارەیه بكەن، بەڵام لابردنی پاشەكەوتی مووچه، ئەركی پەرلەمانتارانی كوردستانه كاری لەسەر بكەن و فشار بخەنە سەر حكوومەت بۆ لابردنی".



PM:05:47:24/02/2019