روسیا ئەو دامەزراوە ئەمریكییانەی بڵاوكردەوە كە پێدەچێت بە چەكی ئەتۆمی هێرشیان بكاتە سەر

كەناڵی فەرمی روسیا لیستی ئەو دامەزراوە ئەمریكییانەی بڵاوكردەوە كە پێدەچێت مۆسكۆ بە چەكی ئەتۆمی هێرشیان بكاتە سەر.

لە نێو ئەو شوێنانەی كە كەناڵە روسییەكە ئاماژەی پێداوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پنتاگۆن و كۆمەڵگەی سەرۆكایەتی كامپ دەیڤد لە ویلایەتی میریڵاند هەن و ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو موشەكە ئەتۆمییانەی مۆسكۆ بەكاریان دەهێنێت خێراییان لە دەنگ زیاترە و دەتوانن لە ماوەی كەمتر لە پێنج خولەكدا بگەنە ئامانجەكانیان.

بڵاوكردنەوەی ناوی ئەو شوێنانەش لەلایەن كەناڵی فەرمی روسیاوە دوای ئەوە هات كە ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا رایگەیاند ئەگەر چەكی ئەتۆمی مەودا مامناوەند لە ئەوروپا بڵاوبكرێتەوە، ئەوا وەڵام دەدەنەوە.

كەناڵە روسییەكە لە راپۆرتێكدا روونیكردەوە كە ئەگەرهاتوو هەر جەنگێكی ئەتۆمی رووبدات، ئەوا مۆسكۆ بنكەكانی فەرماندەیی سەربازیی یاخود بارەگاكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەكاتە ئامانج. 

ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویكردەوە كە كۆشكی كرملین ئامادە نەبوو هیچ روونكردنەوەیەك لەسەر راپۆرتی كەناڵە فەرمییەكەی وڵاتەكەی بدات و تەنیا ئەوەی راگەیاندووە كە كرملین دەستوەرناداتە سیاسەتی كاركردنی دەزگاكانی راگەیاندن.


AM:10:16:26/02/2019