بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی، کە واژۆی ڕێباز محەمەد حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی بەسەرەوەیە و ئاراستەی سەرجەم گەنجینەکان کراوە، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم گواستنەوەی راژەی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی نێو وەزارەتی دارایی قەدەغەکرد.
ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی کە پەیامنێری سپی زانیاری لەسەری هەیە، وەزارەتی دارایی داوا دەکات ھیچ نووسراوێک ئاراستەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری نەکرێت، بە مەبەستی گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەران بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی دارایی.
ھۆکاری ڕاگرتنی گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەران لەنێو وەزارەتی دارایی بەھۆی ئەوەیە، بەشێک لە فەرمانبەران داوای گواستنەوەی ڕاژەکانیان دەکەن، بەھۆی جیاوازیی ئەو بڕە پارەیەیە، کە مانگانە جگە لە مووچە، وەکوو ھاوکاری بە فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی دەدرێت.
ئەو ھاوکاریەی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت لە فەرمانگەیەکەوە بۆ فەرمانگەیەکانی تر جیاوازە، کە بڕەکەی لەنێوان ١٠٠ بۆ ٤٠٠ ھەزار دینار دەبێت.