ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوا لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات ناكۆكییەكانیان لە رێگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكەن و رێكبكەون.
رۆژی چوارشەممە ٢٧ ی شوبات جۆن وود باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق بە وەكالەت و ستیف ڤەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە ھەرێمی كوردستان لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی و شاڵاو كۆسرەت رەسول عەلی ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە كۆبوونەوە.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی، وەفدە ئەمریكیەكە جەختیان لە "پتەوكردنی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیان لە رێگای دیالۆك و لێكتێگەیشتن كردووەتەوە".
راشیانگەیاندووە "بۆ قۆناغی نوێی سیاسی پێویست دەكات یەكێتیی و پارتی دیدی هاوبەشیان هەبێت بۆ كۆی پرسەكان و بۆ هەر ئەگەرێكی سیاسی خۆیان ئامادەبكەن".
ئەوەش خراوەتەڕوو كە لە دیدارەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە "ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە هاوكاری و پشتیوانیكردنی دۆستە كوردەكانی".
لەبەشێكی تری دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عیراق و قۆناغی دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراقی كراوە و هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیدان و گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كردەوە و دووپاتیان كردەوە كە "پێویستە لێكتێگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەری پرسە چارەنووسسازەكان بێتە ئاراوەو دەستور بنەمای پەیوەندییەكان بێت".