قوباد تاڵەبانی: ڕەنگە لەكوردستانیش پێوستمان بەكۆبونەوەی ڕاوێژی نیشتمانی هەبێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان پاش بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی ڕاوێژی نیشتیمانی لە بەغدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت، " ڕەنگە لەكوردستانیش پێوستمان بەكۆبونەوەی ڕاوێژی نیشتمانی هەبێت".

قوباد تاڵەبانی‌ لەپۆستێكدا لەپەیجی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لەتۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبوك نوسیویەتی‌ "لەیەكەم كۆبونەوەی (ڕاوێژی نیشتیمانی)، بەشداربوین لەبەغدا ڕۆژی 27ی‌ ئەم مانگە كە لەسەر بانگهێشتی سەرۆك كۆمارو بەبەشداری هەرسێ سەرۆكایەتییەكەو نوێنەرانی پارتە سیاسییەكان و سەرۆك فراكسیۆنەكان بەڕێوەچوو تیایدا باس لەگۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق و چۆنێتی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرو پێویستی چاكسازی و باشتركردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان كرا، هەروەها مەترسییەكانی دەوروبەر تاووتوێكراو بەردەوامی ئەمجۆرە كۆبونەوانەش گرنگن بۆ دروستبونی لێكگەشتنی زیاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەكان".

قوباد تاڵەبانی‌ ڕایدەگەیەنێت، "ڕەنگە لەكوردستانیش پێوستمان بەكۆبونەوەی ڕاوێژی نیشتمانی هەبێت بۆ تاووتوێكردنی بابەتە گرنگ و چارەنوسسازەكان و ئەو پرسانەی ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە".

لەسەر بانگهێشتی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئێوارەی دوێنێ لەكۆشكی سەلام لەبەغدا یەكەم كۆبونەوەی ڕاوێژكاری نیشتمانی ئەنجام درا.

كۆبوونەوەكە بەئامادەبوونی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و بەشداری حزب و لایەنەكانی عێراق و هەرێم بەڕێوەچوو و جەختیان له ‌پێویستی بەردەوامی كۆبوونەوەكان بۆ نزیككردنەوەی دید و بۆچونەكان بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی ناكۆكی هێزەسیاسیەكان كردەوە، تاوەكو ببێتە هۆكاری چەسپاندنی پرنسیپەكانی دیموكراسی و دادپەروەری لە عێراقی فیدراڵدا.



PM:12:56:28/02/2019