ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان: کیم جۆنگ ترەمپی بە قونگی دڕاو و سەری شکاوەوە رەوانەی واشنتۆن کردوە

لە شیکردنەوەیەکدا دەربارەی دیداری هانۆ، ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە ترەمپ بەرامبەر کیم جۆنگ ئون شکستی خواردووە و دەڵێت "کیم جۆنگ ترەمپی بە قونگی دڕاو وسەری شکاوەوە رەوانەی واشنتۆن کردوە".

مەجید ساڵح، ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لەژێر ناونیشانی "کە ماڵێکی لێک ترازاوت هەبوو وەک ترامپت لێ دێت" نوسیویەتی "دۆناڵد ترامپ سەرۆکی بەهێز ترین وڵات لەگەڵ (کیم)ی سەرۆک کۆمارە سەرشێتەکەی کۆریای باکور وا رێکەوتبوو لە کۆبوونەوەکەی ڤیەتنامدا هەموو شتیک ببرنەوە و بەدەسکەوتێکی گەورەوە بگریتەوە بۆ وڵاتەکەی کە هیچ سەرۆکێکی ئەمریکی نەیتوانیبێت بەدەستی بهێنێت".

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەروەها نوسیویەتی "بەڵام دانیشتنەکەی دوێنێی کۆنگرس لەگەل پاریزەرەکەی مایکل کۆهین کە بە کڵاوچی و درۆزن و دەستبڕ ناوی بردبوو ریسەکەی لێکرد بە خوری و تای تەرازووی (کیم)ی قورس کرد و ئاستی داخوازییەکانی بەرزکردەوە و ترامپی بە قونگی دڕاو وسەری شکاوەوە رەوانەی واشنتۆن کردەوە،،کێ دەزانێ لە چەند رۆژی داهاتوودا کاکە ترامپ چ فێڵێک دەدۆزێتەوە بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە نالەبارەی تێیدایە".

ناوبراو لەکۆتاییدا دەڵێت "کە ماڵت لیکترازاو بوو، دەرئەنجامەکەی هەر ئەوەیە، کورد کە چەندین ئەزموونی لەمەی ترامپ خراپتری هەیە، نابێ بەم لیکترازانەوە چاوەڕێی شتی گەورە لە بەغداو جیهان بکا".


PM:07:21:28/02/2019