یەکگرتوو: دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی زیندووکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمە

یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت" کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ئەجێندەی پارتی یەو مەبەستیش بۆ زیندووکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمە".

ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری دیاری یەکگرتوو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی " دانیشتنی ئەمڕۆ ئەجێندای پارتییە کە دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بخاتەوەکار".

ناوبراو کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووشە دەڵێت " کاراکردنەوەی ئەو دامەزراوەیە پێویستی بە رێککەوتنی نیشتیمانی هەیە و یەکێکە لەو کێشانەی کە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا دروست بوو"، ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت سیستمی حوکمڕانی "پەرلەمانی تەواو بێت".

لەبارەی کۆنترۆڵکردنی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەلایەن پارتیەوە، هەڵەدنی دەڵێت" واقعی داسەپاوی هەرێم ئەوەی سەپاندوە، کە ناوی زۆرینەیەکی لەدایک بووی پڕ ساختەکاری ناو تەزویراتەکان و بەکارهێنانی دەسەڵات و پارەی دزراوەوە".

پارتی لەم خوولەی پەرلەمانی کوردستاندا سەرۆکایەتی پەرلەمانی لەدەستدایە، هەروەها سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمیش سەر بەهەمان حیزب دەبێت، ئەمەش بۆتە مایەی ناڕەزایی لەلایەن لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە.



PM:01:10:01/03/2019