ڤیدیۆ.. سەدان چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن

لە باهۆز لە پارێزگای دێرەزوور سەدان چەکداری داعش خۆیان رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە (هەسەدە) کرد.

ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوزی نزیک لە یەپەگە لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو سەدان چەکدارەی داعش لە گوندی باغوز فوقانی لە پارێزگای دێرەزور گەمارۆدراون و، ناچاربوون خۆیان بە دەستەوەبدەن، کە ڕەگەزنامەی چەندین وڵاتیان تێدایە.

ئەو ئاژانسە کەژمارەیەک وێنەو ڤیدیۆیەکی ئەو پرۆسیەی بڵاوکرۆدتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە کردەوەیەکی ئەمنیدا هێزە تایبەتەکانی هەسەدە توانیوویانە هەزاران هاووڵاتی مەدەنی لە دەست چەکدارانی داعش ئازادبکەن و بگوێزنەوە، کە دەیانویست وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ درێژەدان بە مانەوەیان لەو ناوچە دەستبەسەریان بکەن.

ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە بە سەدان چەکداری داعش دەستە دەستە لەگەڵ خێزانەکانیان لە باغوز دێنە دەرەوە و، خۆیان ڕادەستی هێزەکانی هەسەدە دەکەن و دواتریش لە ڕێگەی بارهەڵگرەوە دەگوێزرێنەوە بۆ شوێنە ئارامەکان.

بەگوێرەی هەواڵەکە، بەشێک لەوانەی خۆیان ڕادەستکردووە، ڕەگەزنامەی ڕوسی و تورکی و ئۆزبەگی و پاکستانی و عەرەبییان پێبووە.
بەگوێرەی هەواڵ، لە دوێنێ ئێوارەوە نزیکەی هەزار چەکدار و خێزانی چەکدارەکانی داعش خۆیان ڕادەستکردووە لە ناوچە ئازادکراوەکان.
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاندووە، بەردەوامن لە گرتنی دوا ناوچەی داعش و، دوای هەفتەیەکی تر سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر داعش ڕادەگەیەنن.

مەزڵوم کوبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەستی داعش کۆنترۆڵکراونەتەوە و، لە ئێستادا سەرقاڵی پاککردنەوەی تەواوەتیی شوێنەکانن و لە ماوەی هەفتەیەکی تردا بە تەواوی سەرکەوتن ڕادەگەیەنن.

ماوەی مانگێکە شەڕ و پێکدادانی قورس لە ناوچەی باغۆزی دوا ناوچەی داعش لە سوریا بەردەوامە و، دوێنێش ترەمپ ڕایگەیاند، "دەستمانگرتووە بەسەر سەرجەم ئەو خاکەی داعش داگیریکردبوو."





PM:08:57:01/03/2019