" کاری لەپێشینەی پارتی هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی یە"

ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "رۆژی یەکشەممە سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی لێژنە هەمیشەیییەکانی نێو پەرلەمان کۆدەبنەوە".

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کاری لەپێشینەی پەرلەمانی کوردستان هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئومێد خۆشناو راشیگه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هیچ پرۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی ئاماده‌نه‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ ده‌بێت دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا بكرێته‌وه‌".

ئومێد خۆشناو، جەختی لەوە کردەوە "وەكو پارتی هیچ كاتێك رێگە بەخۆمان نادەین یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم تاكلایەنە هەمواربكەینەوە. ئەو پرسە پرسێكی هەستیار‌ و نیشتمانییە، دەبێت بە رێككەوتنی سەرجەم پێكهاتە‌ و لایەنەكان هەمواربكرێتەوە هەر واش دەكەین". 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە رووداویشی راگەیاندووە کە ئومێدی دەخوازێت لە كۆبوونەوەی داهاتووی پارتی‌ و یەكێتیدا رێکبکەون، بۆ ئەوەی "فراكسیۆنی یەكێتی بگەڕێتەوە پەرلەمان‌و پێكەوە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكەینەوە".

رۆژی 29ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017 لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بەسەر هەریەکە لە حکومەت، پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەریدا دابەشکرد، لە 11ـی تەمموزی 2018ـیشدا پەرلەمان دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی هەڵپەسارد، تاوەکو ئەوکاتەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێم ئەنجام دەدرێت.

لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەربژێر کردووە.



PM:10:14:01/03/2019