پڕۆگۆڕان داوای بەستنی دووەمی کۆنفرانسی نیشتمانی دەکات

پڕۆ گۆڕان لەسەر دۆخی گۆڕان و ئەو دەستلەکارکێشانەوەی لە ریزی ئەو حیزبەدا روودەدات، داوا دەکات کۆنفرانسی نیشتمانی ببەسترێت.

لەراگەیاندراوێکدا کەدانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، گرووپی پرۆژەی گۆڕان کە خۆیان ناوناوە "پڕۆگۆڕان" و زیاتر ژمارەیەکی بەرچاو لە ‌هەڵسوڕاوانی وڵاتانی ئەورپای گۆڕان دەگرێتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن " بەرامبەر بەو ڕەوشە چەندین جار هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکان بەڕێگەی رێکخراوەیی هەوڵی چاککردنی ڕەوشەکە و چارەکردنی کێشەکانیان داوە، موخابن لەلایەن دەسەڵاتدارانی گۆڕانەوە رێگری و کۆسپێکی زۆر بۆ ئەو هەوڵانە دروستکران و دەشکرێت. لە لایەکی ترەوە لە ناو بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان و دەورو بەریان کاری بەردەوام دەکرێت بۆ بە بنەماڵەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان، بێگومان کوڕەکانی رەوانشاد بێبەری نین لەم کارە کەڕاستەوخۆ لێدان و وێرانکردنی گرنگترین پرەنسیپەکانی گۆڕان و خودی کاک نەوشیروانیشە."

پرۆ گۆڕان کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ ەوە لە ئەوروپاوە خۆیان ناساندووە ، دەڵێن " کورد دەڵێت: جام کەپر بوو لێی دەرژێت!! دوای رێکەوتنێکی لاسەنگ و بێ زەماناتی یاسایی و دەستوری لەگەڵ پارتی بۆ بەشداری پێکردنی گۆڕان لەحکومەتدا نارەزایی جەماوەری گۆڕان گەیشتۆتە لوتکە و چیتر نەدەکرا بێدەنگی بکرێت. لە بەرامبەردا بەدەیان هەڵسوڕاوی دڵسۆزی گۆڕان لەئاستە جیاکانی رێکخراوەییدا دەست لە کارکێشانەوەیان لە کارەکانی ناو بزوتنەوەکە راگەیاندوە و پێدەچێت ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە بەرفرواون و بەردەوام بێت".

لە کۆتاییدا هاتووە" پڕۆگۆڕان پشتگیری تەواوی ئەو هەڵسوراوە دڵسۆزو ماندونەناسانەی گۆڕان دەکات کەبە شێوازێکی مەدەنی و مۆدیرن داهێنانێکی نوێ لەکاری حزبی و ڕێکخراوەیی پێڕەو دەکەن، تەنها مەبەستیشیان ڕاستکردنەوەی گۆڕانە لەو لادانە مەترسیدارانەی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بەرهەمیان هێناوە، دڵسۆزی و وەفایی ئەو بەڕێزانەیە بۆ زیندوڕاگرتنی پرەنسیپ و ئیرسە بەهادارەکانی رەوانشاد کەبۆمانی جێهێشتوە. پڕۆگۆڕان باوەڕی بەهێزی هەیە کە ئەم شەپۆلە نارەزاییەی ناو گۆڕان کە لەکوردستان و دەرەوە پەرە دەسەنێت زەمینەخۆشکەرێکی چارەنوسسازە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوشی تێکچوی ئێستای گۆڕان، تەنها ڕێگەش بە ڕێگەی جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی بەرەی نارەزا دەبێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە سەرجەم هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازە خەمخۆرەکان لە دامەزراوە و ئاستە جیاکانی بەرپرسیاریەتی دەکەین کە پلینیۆمێکی ئامادەسازکەر بۆ بەستنی دوەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان بکەن، لەو پلینۆمە بە یەکەوە خاڵ لە سەر ووشەکان دابنرێن و پلانێکی تۆکمە بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی و بەرێوەبردنی داڕێژرێت".

لە هەفتەی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڵسوڕوانی گۆڕان لە رێکخراوی ئەو حیزبە لە قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر دەستیان لە کارکێشایەوە، هەروەها چەندین هەڵسوڕاوی ئەو بزووتنەوەیە ساردبوونەتەوەو کار ناکەن.



AM:11:39:02/03/2019