" بەهەموو پێوەرەکان لە مانگی ئازارەوە مووچەی تەواوی فەرمانبەران دەدرێت "

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند " بەپێی هەموو پێوەرەکان بەغدا لە مانگی ئازارەوە موچەی تەواوەتی فەرمانبەران دەنێرێت".

میران محەمەد لەچاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا ئاماژەی بەوەشکردووە" بەپێی ئەو بڕگەیەی یاسای بودجەی ٢٠١٩ کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، بەغدا ٥٢٢ ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەوەی دیکە دەکەوێتە سەر مامەڵەی حکومەتی هەرێم بەو پارەیە، کە چۆن خەرجی دەکات".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، " ئەگەر حکومەتی هەرێم لەو ٥٢٢ ملیار دینارە قەرزەکانی نەداتەوە، دۆخی موچە باش دەبێت، بەڵام ئەگەر لەو پارەیە قەرز بداتەوە، موچە وەک خۆی دەمێنێتەوە".

سەبارەت بە ناردنی بودجەی دەرمان ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باسی لەوەشکردووە کردووە، لە دوای شەڕی داعش حکومەتی عێراق بودجەی دەرمانی بۆ وڵاتەکە زیادکردووە، بەڵام هێشتا ئەو بڕەی بەر هەرێم دەکەوێت، بەش ناکات و هەر دەبێت هەرێم بۆ خۆی دەرمان بکڕێت، چونکە  حکومەتی عێراقیش لە دەرماندا کێشەی هەیە.



PM:10:02:02/03/2019