دوای دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید هاوسەرەکەی داوایەکی هەیە

دوای دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هاوسەرەکەی داوا لە دادوەرەکان دەکات "بە ویژدانەوە بڕیار بدەن نەک لەسەر هەژمون و ئاڕاستەکردنی حزبی".

شۆخان حسێن، هاوسەری شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، بەپێی کەیسەکەى، دەبوایە شاسوار عەبدولواحید بە کەفالەت ئازادبکرایە بەڵام جێگەى سەرسوڕمانە دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی دەرکردووە و وتی "داوا لە دادوەرەکان دەکەم بە ویژدانەوە بڕیار بدەن نەک لەسەر هەژمون و ئاڕاستەکردنی حزبی".

ئەمڕۆ ٣ی ئازار٢٠١٩، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوای ئامادەبوونی لەبەردەم دادگای سلێمانی دەستگیرکرا.

لە دوای دەرچوونی فەرمانی دادگا، شاسوار عەبدولواحید چووە بەردەم دادگای سلێمانی و لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ملیان لە موو باریکترە و کاتێک دەستیان داوەتە ئەم کارە زانیویانە گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی بەدوادا دێت.

لەلایەکی دیکەوە دوای دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دادگاکانی هەرێم سەربەخۆیی خۆیان لەدەستداوە و دەڵێت "شاسوار عەبدولواحید بە پێچەوانەی رێکارە ئاسایی و یاساییەکانەوە دەستگیرکراوە".



PM:04:26:03/03/2019