دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی روونکردنەوەیەک لەسەر فەرمانى دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید بڵاودەکاتەوە

سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەیەکدا کەوێنەیەکی دەست سپی کەوتووە، تیایدا سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی  ئاماژەی بەوەکردووە" دادگا بەهیچ شێوەیەک کاری سیاسی ناکات و کاری پیشەییانەی خۆی بەپێی یاسا کارپێکراوەکان ئەنجام دەدات".
دەشڵێت" تۆمەتبار بێتاوانە تا لەبەردەم دادگایەکی تایبەتمەند تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە".

دەقی روونکردنەوەکە:
ڕوونکردنەوەیەك بۆ ڕایگشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن

ڕۆژی ۲۰۱۸/٥/۳ لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەمەقاڵێیەک دروستدەبێت لەنێوان هاووڵاتی (شاسوار عبدالواحید) و چەند کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە.. دواتر دوو کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانە سکاڵا لەدژی ناوبراو تۆمار دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەلایەن ناوبراوەوە بێڕێزییان پێکراوە و ئیهانە کراون و جنێو و سوکایەتییان پێکراوە لەکاتی ئەنجامدانی کاری فەرمی خۆیان.. دواتر لەلایەن کارمەندێکی مەدەنی کۆمپانیایەکی ئەهلی بواری فڕۆکەوانی بەهەمان شێوە سکاڵا لەدژی ناوبراو تۆمارکراوە بە تۆمەتی جنێو و سوکایەتی و قسەی نەشیاو.
دوای ئەوەی هەر لە مانگی ۲۰۱۸/٥ وە دادگا بانگهێشتنامەی ئاراستەی ناوبراو کرد، بەڵام بەڕێزیان ئامادەنەبوو بێتە بەردەم دادگا و بەدەم بانگهێشنامەکەوە نەهات بۆیە دادگا بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو دەرکرد..
ئەمە کورتەی ئەو بابەتەیە کە کراوەتە بابەتێکی میدیایی و دەویسترێ ڕای گشتی پێ چەواشە بکرێت و بابەتەکە بەشێوازێکی تر پیشان بدرێت، بۆیە پێویستە هەموولایەک بزانن کە:
۱) تۆمەتبار بێتاوانە تا لەبەردەم دادگایەکی تایبەتمەند تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.
۲) یاسا سەروەر و سەرداری هەموو کەسێکە بەبێ جیاوازی و فەرمانەکانی دادگا پێویستە جێبەجێ بکرێت، بۆیە هاتنە بەردەم دادگا جێگەی منەتکردن و بەپیاوەتی دانان نییە.
۳) دادگا بەهیچ شێوەیەک کاری سیاسی ناکات و کاری پیشەییانەی خۆی بەپێی یاسا کارپێکراوەکان ئەنجام دەدات.
٤) فەرمانی دەستگیرکردنی هاووڵاتی (شاسوار عبدالواحد) پەیوەندی بە پۆستەکەیەوە نییە وەکو سەرۆکی پارتێکی سیاسی، بەڵکو لەسەر دوو سکاڵایە کە دژی خودی خۆی تۆمارکراوە، دوای ئەوەی بەدەم بانگهێشتی دادگاوە نەهاتووە.
٥) لە دۆسیەی سکاڵای دوو کارمەندەکەی ئاسایشی فڕۆکەخانە کە مادەی (۲۲۹ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بە کەفالەت ئازاد کراوە، و لە دۆسیەی کارمەندی کۆمپانیاکە کە مادەی (٤۳٤ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.
٦) باش نییە ئەوکەسانەی شارەزایی یاساییان نییە قسە لە کەیسە یاساییەکان و کاروباری دادگادا بکەن.
۷) داوا لەسەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە کەیسەکە بەلاڕێدا نەبەن و بەشێوەیەکی ناڕاست و نادروست پیشانی هاووڵاتیانی نەدەن، چونکە وەک لە سەرەوە ڕوونکراوەتەوە کەیسەکە بابەتێکی یاسایی ئاساییە و پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە نییە.
لەگەڵ ڕێزدا.

سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی
۲۰۱۹/۳/۳



PM:07:43:03/03/2019