وادەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران ئاشكراكرا

وەزارەتی دارایی عیراق دەستی بەجێبەجێكردنی یاسای بودجەی 2019 و خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی ئەو یاسایە كرد و لە ماوەی كەمتر لە 10 ڕۆژی دیكە موچەی فەرمانبەران دەنێردرێت.

ماڵپەڕی "سومەریە نیوز"ی عیراقی لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە وەزیری دارایی عیراقەوە بڵاویكردۆتەوە، وەزیری دارایی عیراق دەستی بەجێبەجێكردنی یاسای بودجەی 2019 كردوەو لەو چوارچێوەیەشدا رێكارەكانی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بەپێی ئەو یاسایە دەستیپێكردوە.

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی عێراق بە "سپی" ڕاگەیاند "دەست بە جێبەجێكردنی یاسایی بودجە كراوە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڵام ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ماوەی هەفتەیەك بۆ 10 ڕۆژی دیكەی پێدەچێت".

بۆ زانیاری زیاتر "سپی" پەیوەندیكرد بە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و ناوبراو جەختیكردەوە كە ئاگاداری ئەو بابەتە نین و وتی "دەسەڵاتداری هەرێم و بەغدا خۆیان لە پێدانی زانیاری دەدزنەوە و هیچ زانیاریەكیان پێنەداوین".

بەگوێرەی یاسای بودجەی 2019ی عیراق، پێویستە مانگانە بەغدا 522 ملیار دینار وەكو موچە رەوانەی هەرێم بكات.



PM:12:52:04/03/2019