پەرلەمانتارێک: بەغدا مووچەی پێنج مانگ بەسەر یەکەوە دەنێرێت

دوای واژۆكردنی بڕیاری ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە، بەغدا موچەی پێنج مانگی فەرمانبەران بەسەر یەكەوە دەنێرێت كە سێ مانگی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دوو مانگی ئەمساڵ دەكات.

ئەمین بەكر، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا بە میدیای حزبەکەی ڕایگەیاندووە " وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆك وەزیران بڕیاری ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی دا، بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2019عێراقی بڕی 522ملیار دینار بۆ هەریەك لەمانگی كانونی دوەم و شوبات ، دەنێرێت، هەروەها بەپێ ی بڕیارەكە پارەی سێ مانگی ساڵی 2018 كە بڕی 317ملیار دینارە بۆهەر مانگێك دەنێردرێت،".

وتیشی "بەم شێوەیە بێت پارەیەكی تەواو دێتە هەرێمی كوردستانەوە كە پێویست دەكات حكومەتی هەرێم موچەی مانگی یەك و دووی ساڵی 2019 بەبێ پاشەكەوت بداتە موچەخۆرانی هەرێم".

ناوبراو ئاشكراشی دەكات "وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری ناردنی پارەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی پاری موچەخۆرانی بەڕێوبەرایەتیەكانی ڕەگەزنامەو پاسپۆرتی هەرێمیشی دا".

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەمیشە لە پرسی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمدا، پەرلەمانتاران و بەرپرسانی هەولێر و بەغدا، لێدوانی جۆراوجۆر بڵاودەكەنەوە تا ئێستاش بەفەرمی هیچ زانیاریەک ئاشکرا نەکراوە.


AM:10:54:05/03/2019