حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە زیادکردنی دەرماڵە بۆ ئەندازیارانی کشتوکاڵ و کارمەندانی تەندروستی.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لەلایەن هەریەک لە سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی کوردستان و سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان لقی سلێمانی بڵاوکراوەتەوەو وێنەیەکی دەست سپی کەوتووە تیایدا هاتووە، رۆژی ٣ی ئازار ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە زیادکردنی دەرماڵەی ئەندازیارانی کشتوکاڵی بە ڕێژەی ٣٥%.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە ئەو ئەندازیارانە دەگرێتەوە کە لە دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەوام دەکەن، هەروەها بە ڕێژەی ٥٠%ش بۆ ئەو ئەندازیارانە زیاد دەکرێت کە لە پڕۆژەکاندا کاردەکەن.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، کارمەندانی تەندروستییش ٣٠%ی دەرماڵەی مەترسیی زیادکراوە بۆ سەر دەرماڵەی ٥٠%ی پێشوویان و، بەو پێیەش بڕی دەرماڵەی مەترسیی کارمەندانی تەندروستی بۆ ڕێژەی ٨٠% زیادکراوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، هاوشێوەی حکومەتی فیدراڵی عێراق دەرماڵەی ئەندازیارانی کشتوکاڵ و کارمەندانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو توانایەکیان دەخەنەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی ئەو ماف و داواکارییە ڕەوایەیان.