بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای مین لە سلێمانی ژمارەیەك هەلی كار بە شێوەی گرێبەست رادەگەیەنێت و داوا دەكات "هەركەس خوازیاری كاركردنە، پێویستە لەماوەی 7 رۆژدا سەردانیان بكات".
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگای مین لە سلێمانی لە ئاگادارییەكدا، رایگەیاندووە، دەزگای مین پێویستی بە مین لانبەر (دیماینەر)ی بنچینەیی هەیە، كە بەشێوەی گرێبەست كاربكات و دەشڵێت "خوازیار پێویستە تەمەنی لە نێوان (18) بۆ (22) ساڵ زیاتر نەبێت و باشتروایە بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت و لەهیچ دامودەزگایەكی حكومیدا كارنەكات".
ئاماژەش بەوە دراوە كە خوازیار بۆ ناوچەكانی سلێمانی و شارەزوور و چەمچەماڵ و رانیە و قەڵادزێ دەست بەكاردەبن و ماوەی یەك مانگ كۆرسی تایبەت وەردەگرن.
جەختیش لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە هەركەس خوازیارە دەتوانێت لەماوەی 7 رۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مین لە سلێمانی بكات.