هەسەدە ژنێک و زیاتر لە ۱۰ منداڵی ئێزدی ڕزگار دەکات

هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" توانییان ژنێکی ئێزدی و ١٤ منداڵ لە دەستی چەکدارانی داعش ڕزگاربکەن.

هەسەدە ژنێک بە ناوی نادیە بەرەکات و، ١٤ منداڵی دیکەی ئێزدییان لە دەستی چەکدارانی داعش ڕزگارکرد و بڕیارە سبەینێ ڕادەستى کەسوکاریان بکرێنەوە لە شنگال.

بەپێی زانیارییەکانی فورات نیوز، نادیە بەرەکات لە خێزانی (حمي شر)ە، کە لە سەردەمی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بە دەستى عوسمانییەکان، ١٥٠٠ ئەرمەنییان لە کوشتن پاراستووە.

نادییە بەرەکات و ١٤ منداڵەکە لەکاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێندرابوون.

ڕزگارکردنی ئەم ژنە و ١٤منداڵەکەش لەلایەن هەسەدەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕزگارکردنی باغۆزدایە، کە تێیدا هەندێک لە چەکدارانی داعش هەوڵی ڕزگارکردنی خۆیان و خێزانەکانیان دەدەن.

ئاژانسی هاوار نیوز ئاماژەی بەوە داوە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەسەدە ئەم ژنە و ١٤ منداڵە ئازادکراوەکە دەگەیەنێت بە دەستی ئەنجومەنی ماڵی ئێزدی.

کۆتایی مانگی ڕابردووش مەحما خەلیل قایمقامى شنگال ڕایگەیاند، لە کۆى شەش هەزار و ٤١٧ هاوڵاتیی ئێزدی، کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون، تا ئێستا چارەنووسى سێ هەزار و ٥١ هاوڵاتییان نادیارە.



PM:05:13:07/03/2019