قوباد تاڵەبانی: مووچە پاشەکەوتکراوەکان قەرزێكە لە گەردنی حكوومەتی هەرێم


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت"  پارەی پاشەكەوتكراوی مووچەخۆرانی حكوومەت قەرزێكە لە گەردنی حكوومەتی هەرێم و وەك چۆن ئێستا هەڵگرتنی پاشەكەوت ڕادەگەیەنین، ئاوەهاش چاومان لەوەیە لە بۆنەیەكی هاوشێوەی ئاوەها مژدەبەخشدا چۆنیه‌تی و میكانیزمی گێڕانەوەی ڕابگەیەنین".

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "هەروەك بەڵێنمان دابوو، بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ برای بەڕێزم کاك نێچیرڤان بارزانی لەبری ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان راگەیاند".

وتیشی: "زۆر جار وتومانە، پاشەكەوتكردنی مووچە خواستی ئێمە نەبووە، بەڵام لەپاش شەڕی داعش و بڕانی بەشە بودجەی كوردستان و داڕوخانی نرخی نەوت و شەپۆلی ئاوارەكان، ناچاربوین بۆ مانەوە بیكەینە چارەسەرێكی كاتیی".
 
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند كە "ئێمە وەك چۆن ئەمڕۆ دڵی موچەخۆران و فەرمانبەران خۆش دەكەین، ئاوەهاش پابەندین بەهەوڵی چڕ بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و لاوان. شەو ئەخەینە سەر رۆژ بۆ جوڵاندنی بازاڕو بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و واڵاكردنی دەرگاكانی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی خۆشی و شادی هەموو لایەك بێ جیاوازی بگرێتەوەو ئەركی ئێمە تەنها بەخەمخۆریی فەرمانبەرەكان كۆتایی نایەت بەڵكو پەل دەهاوێت بۆ تاك بەتاكی كوردستان".



PM:10:21:08/03/2019