دادگای فیدرالی پرسی بەخێوكردنی منداڵی یەكلاكردەوە

دادگای فیدڕاڵی عێراق تانەیەكی دژی یاسای باری كەسێتی دەربارەی بەخێوكردنی منداڵ ڕەتكردەوە و ڕایگەیاندووە، لەپاش جیابوونەوەی ژن و مێرد دایك لەپێشترە بۆ بەخێوكردنی منداڵ.

ئەمڕۆ یەكشەممە ئەیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دادگای فیدراڵی بەسەرۆكایەتی دادوەر مەدحەت مەحمود و سەرجەم ئەندامە دادوەرەكانی دیكە پاش تاوتوێكردن و دادبینی بەكۆی دەنگ بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی داوایەك دژی بڕگەی ١ ی ماددەی ٥٧ ی یاسای باری كەسێتیی ساڵی ١٩٥٩ ی هەمواركراوی تایبەت بە بەخێوكردنی مناڵ كە تۆماركرابوو.

ئەیاس ساموك ڕوونیشیكردووەتەوە، دادگا پشتیوانی لەیاساكە كردووە كە مافی بەخێوكردنی مناڵ لە حاڵەتی هاوسەرگیریی و جیابوونەوەشدا دەدات بەدایك بەمەرجێك زیان لەسەر مناڵەكە دروست نەكات و پێیوایە مناڵ لەپێشترە بۆ ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییەكانی بەدەر لەململانێی  خاوەن كێشەكان و سكاڵاكە هیچ پشتیوانییەكی دەستوریی نییە.

لەو تانەیەی دژی یاساكە تۆماركرابوو داواكرا دوای جیابوونەوەی ژن و مێرد منداڵ بە هاوبەشی هەردوولا بەخێوبكرێت نەك تەنها دایكەكە.




PM:02:41:10/03/2019