رێککەوتنی یەکێتی و پارتی پاشکۆیەک بۆ کەرکوک دەگرێتەخۆی

رێککەوتنی یەکێتی و پارتی پاشکۆیەکی تایبەتی بە چارەسەر پرسی کەرکوک گرتۆتە خۆی کە لەچەند بڕگەیەک پێکهاتووە، سپی ناوەرۆکەکەی بلآودەکاتەوە.

رێککەوتنی یەکێتی و پارتی کە رۆژی ٤ ی ئازار لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسوڵەوە واژوو کراو تا ئێستا دەقەکەی بلآونەکراوەتەوە، پاشکۆیەکی گرتۆتە خۆی کە تایبەتە بە کەرکوک و چۆنێتی چارەسەری ئەو پرسە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، یەکێک لە بڕگەکانی ئەو پاشکۆیە، پێکهێنانی لیژنەیەکی بالآی نێوان یەکێتی و پارتی یە کە تایبەت دەبێت بە دیراسەکردنی دۆخی کەرکوک و هەوڵدان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکەو چالاککردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای ئەو شارە.

سپی زانیوویەتی ئەو لیژنەیە لەگەڵ بەغداش دەکەونە گفتوگۆ بۆ چارەرسەرکردنی کێشەکان و چالاککردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دەستبەکاربوونی پارێزگار.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگار، لەو پاشکۆیەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە پارێزگار یەکێتی دایدەنێت، بەلآم دەبێت لەلایەن پارتی یەوە پەسەندبێت، دوا بڕیاریش لەو بارەیەوە دەگەڕێتەوە بۆ مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی.

رۆژی ٤ی ئازار لەلایەن نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی یەوە واژوی رێککەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت و کێشەی کورک و بەغدا کرا، رێککەوتنەکە لە ١٨ خاڵ پێکهاتووەو تا ئێستا لە میدیاکاندا بلآونەکراوەتەوە.



PM:04:26:11/03/2019