"هەنگاوەکانی یەکێتی دوای رێککەوتن، ئاستنەگ بۆ پێکهێانی کابینەی نوێ دروستدەکات"

رۆژنامەنووسی دیاری پارتی، رێبواری کەریم وەلی دەڵێت " هەنگاوەكانی دوای ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەی یەکێتی، بەشێكە لە هەوڵی سیستەماتیكی ئەو حیزبە بۆ درووستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان".

 رێبواری کەریم وەلی لە نوسینی هەفتانەیدا لە ماڵپەڕی رووداو بەناونیشانی " دیوە شاراوەكەی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی" نووسیوویەتی " دوای نزیكەی 12 ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، لە 4ی ئاداردا، یەكێتی و پارتی جارێكی دیكە رێككەوتنێكی سیاسی و دابەشكاریی پۆستەكانیان ئیمزا كرد. لە كاتێكدا كە وا چاوەڕوان دەكرا یەكێتی دوای ئەو رێككەوتنە ئیتر بتوانێ خۆی ساغ بكاتەوە، بەڵام هەنگاوەكانی دواتری دەریخست كە ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەش بەشێكە لە هەوڵی سیستەماتیكی ئەو حیزبە بۆ درووستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان".

لە وتارەدا، رێبوار کەریم وەلی دەڵێت " ەكێتی لە 18ی شوباتدا، لەلایەن پارتی، گۆڕان و هێزە سیاسییەكانی دیكەی بەشدار لە پەرلەمان، سیحری كات كوشتنەكەی بەتاڵ كرایەوە، بۆیە كە دیتی كات لە دژی ئەو كار دەكات و هەڵەیەكی كوشندەی كردووە كە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، كەوتەخۆ. ئەوانەی لە 17ی شوبات (لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی) دەیانویست لەبەر یەك خاڵ، 18 خاڵی رێككەوتنەكە رەت بكەنەوە، لە 18ی شوبات و دوای بینینی بێمنەتیی پارتی، ویستیان هەڵەكە راست بكەنەوە؛ دیتیان خەریكە پارتی و گۆڕان بەبێ ئەوان نەك هەر یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار دەكەنەوە و سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرن، بگرە بێ ئەوان حكومەتیش پێكدێنن. بۆیە كۆسرەت رەسوڵیان كردە واجیهەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی".

هەروەها ناوبراو پێیوایە" ئەوانەی لە 18ی شوباتدا دۆڕاندیان، یارییەكی زیرەكانەی دیكەیان كرد و بە رێككەوتنی 4ی ئادار دیسان پارتییان بە بارمتە گرتەوە. ئەوان دەزانن پارتی رێز لە ئیمزای كۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی دەگرێت و، دوای ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە ئێتر چاوەڕێی یەكێتی دەكات و لەگەڵ گۆڕاندا، هەنگاوی تاكلایەنە ناهاوێت. دیسان پارتی دەكەوێتەوە ناو هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە ئەگەر یەكێتی  بیەوێ بەهۆی ئەو رێككەوتنەوە یاری بە كات بكات، یان بیەوێ هەموو ململانێ ناوخۆییەكانی خۆی لەسەر حیسابی پارتی یەكلا بكاتەوە، دەبێ دیسان پارتی خۆی لەو تەڵەیەش رزگار بكات و چاوەڕێی یەكێتی نەكات، بگرە كەی هاتن رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات".



PM:06:07:11/03/2019