یاریدەدەری بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری هەولێر لە کاتی ژماردنی مووچەی بێ پاشەکەوت بە جەڵتە کۆچی دوایی کرد.
سالار عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ژەنیاری بنەڕەتیی کوڕان ڕایگەیاند، دوێنێ دووشەممە ١١ی ئاداری ٢٠١٩ مامۆستا "ی.م ع"، کە یاریدەدەری بەڕێوەبەر بووە لە قوتابخانەکەی، لە کاتی سەرقاڵی بە ژماردنی مووچەکەی، کۆچی دوایی کرد".
وتیشی، ئەو مامۆستایە هیچ عەیبی نەبوو، بەڵام پاش ئەوەی لە بانک گەڕاونەتەوە وخەریکی پارە ژماردن بووین لە تەنیشت من دانیشتبوو، دواتر بەسەر کورسییەکەیدا سەری شۆڕ بووەوە و، کۆچی دوای کرد".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە مامۆستا یوسف باری دارایی مامناوەندە و زۆر باش نییە، سەرەڕای هەبوونی خانوو و ئۆتۆمبێل، بەڵام چەند منداڵێکی گەورەی هەیە کە بێ ئیش بوون.
بەڕێوەبەری قوتابخانەی ژەنیار بۆ باسنیوز ڕاشگەیاند" کە مامۆستا یوسف دوێنێ زۆر سوعبەت و قسەی خۆشی دەکرد، پێمان سەیر بوو، چونکە هیچ ڕۆژێک بەقەد دوێنێ سوعبەتی نەدەکرد".
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دەشتی هەولێر لە پرسەنامەیەکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مامۆستا یوسف محەمەد کردووە.