گۆڕانكاری لە مووچەی ئەم توێژە کرا

گۆڕانكاری لە مووچەی كەمئەندامان كرا و پاشەكەوتی مووچەی مانگی شەشی ساڵی 2018 لابرا و لەم هەفتەیەدا مووچە وەردەگرن.

ئەمڕۆ سێشەمە لەراگەیەنراوێكدا شێخ محەمەد، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی هەولێر سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ئاشكرایكرد، گۆڕانكاری لە مووچەی كەمئەندامان كراوە و مووچەی مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو وەردەگرن بەبێ پاشەكەوت.

بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی هەولێر ئاشكرایكرد، مووچەی 60 هەزاری بووە بە 100 هەزار دیناری و مووچەی 120 هەزار دیناری بووە بە 150 هەزار دینار.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەم هەفتەیە مووچەی كەمئەندامان دابەش دەكرێت، هەروەها ئامادەكردنی لیستی نوێ لەسەر داوای گەنجینەی هەولێر بووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ "سپی میدیا" لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی داراییەوە بڵاویکردەوە لەسەر راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری و بریکاری وەزارەت مووچەی خانەنشینی  پلە تایبەتەکان بێ پاشەکەوت و مووچەی کەم ئەندامانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی بە بێ لیبڕین خەرج دەکرێت.

ڕۆژی هەینی 8ی ئازاری 2019 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و بڕیاریدا له‌ مانگی 12ی 2018وه‌ مووچه‌ به‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌شبكرێت



PM:05:47:12/03/2019