وادەی دابەشکردنی مووچەی نەخۆشخانەی شار ئاشکراکرا

وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا پارەکە بەسەر فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار دابەشدەکرێت.

رێکەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند" پارەکە بە تەواوی دۆزراوەتەوە و هیچی کەم نییە و لەئێستاشدا لای پۆلیسی سلێمانییە".

وتیشی، وای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی پۆلی پارەکە دەگەڕێنینەوە بۆ تەندروستی سلێمانی و لەماوەیەکی کەمدا کە دوو رۆژی پێ ناچێت بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت".

وەزیری تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای ئەو رووداوە لیژنەیەکی کارگێڕی پێکدەهێنن لە تەندروستی سلێمانی و لێکۆڵینەوە  لە هۆکاری دزینی پارەکە دەکەن".

دوێنێ سێشەممە ١٣ی ئاداری ٢٠١٩، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە پارەی مووچە و نەسریەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دزرا کە بڕەکەی زیاتر لە یەک ملیار دینار بوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە 24 کاتژمێر دژەتیرۆ و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکرد، کە لە حەوت کەس پێکهاتبوون و سەرجەمیان خەلکی سلیمانی بوون و پارەکەشیان دۆزیەوە.


AM:09:25:13/03/2019