هێزەكانی سوریای دیموكرات سەركەوتوو بوون لە بەرپەرچدانەوەی دوو هێرشی پێچەوانەی گروپە چەكدارەكانی داعش لە باغۆز.
سەنتەری ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند "لەمیانەی كۆتا شەڕدا لە باغۆز كە كۆمەڵێك گوندو خاكی كشتوكاڵی لە خۆدەگرێت لەسەر سنووری عێراق كۆمەڵێك هێرشی خۆكوژی داعشیان بەرپەرچداوەتەوە".
وتیشی ڕێكخراوی داعش دووەم هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامداوە بە سوود وەرگرتن لەو دووكەڵەی كە ئاسمانی باغۆزی داپۆشیوە، وتیشی : شەڕ هێشتا بەردەوامەو گروپە چەكدارەكانی داعش هیچ پێشڕەوییەكیان نەكردووەو ڕاگیراوە.
دوو هێرشە پێچەوانەكەی داعش هیچ زیانێكی گیانی لەنێو هێزەكانی سوریای دیموكراتدا لێنەكەوتۆتەوە، دەزگا ڕاگەیاندنەكە وتی: داعش هەوڵیداوە هێرشی خۆكوژی ئەنجام بدات، بەڵام هیچ سوودێكی نەبووە.
باغۆز كۆتا شوێنە لە سوریادا چەكدارانی داعشی لێمابێتەوە، هێزەكانی سوریای دیموكراتیش هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچەكە زیاد كردووەو خەریكە بەتەواوەتی داعش لەو ناوچەیەدا لەناودەبەن.
بەرێوبەری سەنتەری ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات موستەفا بالی وتی: شەوی ڕابردوو هێزەكان بە چڕی بۆردومانی باغۆزیان كردووە پێش ئەوەی پێكدادانە ڕاستەوخۆكان لەگەڵ چەكدارانی داعشدا دەست پێبكات.
بالی وتیشی، هێرشی خۆكوژی هەبوون، هەندێك خۆكوژ هەوڵیاندا لەنێو هێزەكانماندا هێرشی خۆكوژی ئەنجام بدەن، هێزەكانمان ئەوانیان كردە ئامانج و كوشتیانن پێش ئەوەی بگەنە نێو گردبوونەوەكان و خاڵەكانی هێزەكانمانەوە.
بەرپرسێكی بەرگری ئەمریكی وتی : ئەوان پێیان وانیە گەورە بەرپرسانی داعش لە باغۆز مابێتن، شارەزایانی حكومەتی ئەمریكا پێیان وایە بەغدادی هێشتا لەژیاندا ماوەو پێدەچێت لە عێراق خۆی شاردبێتەوە.
وتیشی: هێشتا ڕێكخراوەكە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكەو لە هەندێك شوێندا لە سوریاو عێراق چاڵاكی ئەنجام دەدەن.