پارتی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی راگەیاند

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاند،  یەکێتی لەگەڵیان بێ یان نا، تا کۆتایی مانگی سێ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵدەبژێرن.

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی  بە میدیای نزیک حزبەکەی راگەیاندووە، پارتی بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی داوە و تا کۆتایی مانگی سێ، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵدەبژێرن، دوای دوو ڕۆژ لە هەڵبژاردنیشی ، سەرۆکی حکوومەت ڕادەسپێرێت، لەو ماوەیەشدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک.

وتیشی، پارتی، بڕیاری خۆی داوە و یەکێتی لەگەڵیان بێ یان نا، ئەوا پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و ڕاسپاردنی سەرۆکی حکوومەت لە کۆتایی مانگی سێ و سەرەتای مانگی چوار جێبەجێ دەکەن.

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی  ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا، کاتێک سەرۆکی حکوومەت ڕاسپێردرا، یەک مانگی لە پێش دەبێت تا کابینەکەی پیکبھێنێت، بۆیە ئەگەر سەرۆکی حکوومەت لە سەرەتای مانگی چوار ڕاسپێردرا، تا کۆتای ئەو مانگەی لە بەردەست دەبێت.



AM:11:38:16/03/2019