عادل عه‌بدولمه‌هدى: هەڵەبجە هەمیشە نمونەیەک بووە بۆ فیداکاری

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەبۆنەی ساڵیادی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەڵەبجە هەمیشە نمونەیەک بووە بۆ فیداکاری و شایەتییەکە بۆ قێزەونی دیکتاتۆرییەت، شەهیدانی هەڵەبجە پایەبەرز و نەمرن.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ شەممە 16ی ئازاری 2019 بۆنای یادی 31 ساڵەی  تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەوە بڵاویکردوەتەوە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق  ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ یادی کارەساتی هەڵەبجە دەکەینەوە، کە برینێکی لەبیرنەکراوە و تاوانێکی دیکتاتۆرییە کە تیایدا بڕیاردرا بەهێرشکردنەسەر کەسانێکی بێتاوان بە گازی کیمیایی.

وتیشی،  "ئەوەی روویدا تاوانێکی کۆمەڵکوژی بوو کە بەهۆی قێزەونییەوە مرۆڤایەتی توشی شۆک بوو و ناخی جیهانی هەژاند، رۆژێکی رەشیش بوو لە تۆماری تاوانەکانی رژێمی بەعسی سەدامی دژی گەلی کورد کە هاوشێوەی گەلانی دیکەی عێراق بەدەست تاوانەکانییەوە دەیانناڵاند".

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق لە بەیاننامەکەیدا دەشلیت، هەڵەبجە هەمیشە نمونەیەک بووە بۆ فیداکاری و شایەتییەکە بۆ قێزەونی دیکتاتۆرییەت، شەهیدانی هەڵەبجە پایەبەرز و نەمرن و داوکاریشین خوا سەبوری کەسوکاریان بدات، سەرەخۆشی لە گەلی کوردیشم دەکەم کە خوێنی رۆڵەکانی تێکەڵ بە سەرجەم شەهیدانی تری عێراق لەپێناو ئازادی و دیموکراتی و پێکەوەژیان لەپێناو عێراقێکی یەک پارچە و سەربەخۆدا بەخشی.

ئەمڕۆ 16ی ئازاری 2019، 31 ساڵ بەسەر كیمیابارانكردنی‌ هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، کە رژێمی‌ دیکتاتۆری بەعسی لەناوچوو بەچەكی‌ كیمیایی‌ هێرشی کردە سەر ئەو پارێزگایەو بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون.

AM:11:48:16/03/2019