کچەکەی هەیفا وەهبی پەیامێکی توند بۆ دایکی دەنێرێت

زەینەب کچی خانمە گۆرانیبێژی بەناوبانگی لوبنانی "هەیفا وەهبی" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی توندئاڕاستەی دایکی دەکات. 
 
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام زەینەب کچی هونەرمەندی ناوداری لوبنانی هەیفا وەهبی نوسیویەتی،  "هەندێک خانم شایەنی وشەی دایکایەتی نین، چونکە دایک بەرپرسیاریەتیە و نیعمەتی خودایە، بەڵام ناکرێت ژنێک بەهۆی ئەوەی تەنها منداڵی بووە، بڵێن دایک".

دەشلێت" دایک دەبێت هەموو ماناکانی سۆزو  وەفای تێدابێت، هەرگیز رۆژێک بۆ دایک بەس نییە، ئەگەر تۆ دایک لە ژیاندایە بەرلە رۆژی جیهانی دایکانیش بڕۆ دەستی ماچ بکە و نزای باشی بۆ بکە، سوپاس بۆ خودا منیش خودا هەستی دایکایەتی پێ بەخشیم".

ئەم پەیامەی زەینەب لەکاتێکدایە 10ی ئەم مانگە یادی لەدایکبوونی هەیفا وەهبی بوو، هاوکات چەند رۆژێک کەم ماوە بۆ رۆژی جیهانی دایکان.

هەیفا وەهبی، لەدایکبووی ساڵی 1976ە، لە کێبڕکێی شاجوانی باشووردا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، بەڵام دوای ئەوەی زانرا خاوەنی کچێکە نازناوەکەی لێسەندرایەوە، دواتر بەهۆی جوانی و سەرنجڕاکێشیەوە بەیەکێک لە 10 خانمە کاریگەرەکەی جیهان ناسرا. 

لە سەرەتاکانی تەمەنیدا هەیفا هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکی پوری دەکات و لەساڵی 1998 کچێکی دەبێت و ناویدەنێت زەینەب، دواتریش لەیەکتر جیادەبنەوەو دواتر دەنگی ئەوە بلاوکرایەوە، کە هەیفا لەبەرامبەر جیابوونەوەکەی بەیەکجاری وازی لە بەخێوکردنی کچەکەی هێناوە.




PM:03:34:16/03/2019