زانیاری لەبارەی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ ئاشکرادەکرێت

پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زانیاری لەبارەی ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات و دڵنیاییش بە مووچەخۆران دەدات.

ئیخڵاس سەباح دلێمی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە مووچەی هەرسێ مانگی ئەمساڵ خەرج دەكرێت كێشەی نییە، وتی "بەغدا مانگانە 522 ملیار دینار بۆ مووچە دەنێرێت، بۆیە مووچەی ئەو سێ مانگەی ئەم ساڵیش خەرج دەكرێـت و كێشەی نییە".

وتیشی "فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەی تەواوی خۆیان بێ پاشەكەوت وەردەگرن، فەرمانی خەرجكردنی پارەش لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە، مانگانە پارەكە دەنێردرێت و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش بەپێی بەرنامەی خۆی مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكات".

جەختیشی كردەوە، بەهۆی دواكەوتنی جێبەجێكردنی بودجە ناردنی پارە دواكەوت، وتیشی "ئێستا مانگانە پارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت و هیچ كێشەیە لە ئارادانییە".

ئەوەش لەکاتێکداە دوێنێ سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشکراکرد کە  وەزارەتەکەیان ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی چوار دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی 2019 بكات.



PM:04:45:18/03/2019