حکومەت لەبارەی ڕێگای سماقوڵیەوە وەڵامی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە

به‌ڕێوه‌به‌رایەتیی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر وەڵامی شاسوار عەبولواحید دەداتەوە ڕایگەیاند، سبەی خۆیان ڕێگای سماقوڵی چاک دەکەن و پێویست ناکات سەرۆکی نەوەی نوێ تیم بنێرێت.

هونەر نوری، به‌ڕێوه‌به‌ری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاندووە سبەینێ دەستدەکەن بە چاککردنی ڕێگای سماقوڵی و تاکو ئێوارە لە سەدا ٩٠ی کارەکان تەواودەکەن و، قیرتاوکردنی ڕێگاکەش هەڵدەگیرێت بۆ دوای نەورۆز، بۆیە پێویست ناکات سەرۆکی نەوەی نوێ تیم بنێرێت.

دەربارەی چۆنێتی دەستپێکردنی کارەکانیش ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا ئامادەکارییەکان دەکرێن و سبەینێ ڕێگاکە دادەخەن و تاکو ئێوارە تەواوی دەکەن، ئێوارەش دیسان ڕێگاکە دەکرێتەوە و قیرتاوکردنەکەشی دەکەوێتە دوای نەورۆز.

هەروەها قایمقامی کۆیە دەڵێت،  ئەو پڕۆژەیە دەمێکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە، کاری لەسەر کراوە، بودجەی پێویستی بۆ تەرخان کراوە و لە نزیکترین دەرفەتدا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام قایمقامیەت کاتەکەی دیاری نەکردووە.

دوێنێ شاسوار عەبدولواحید لە پۆستێکی فەیسبووکدا نوسیوویەتى، "دوو سبەی سێشەممە خۆم (وەک ئەندازیارێک) لەگەڵ تیمێکی خۆماندا دەچینە ئەوێ و لە ٧ ی بەیانی تا ٧ی ئێوارە ڕێگاکە چارەسەردەکەین".

ڕوونیشیکردووەتەوە، "لەبری ئەوەی بڵێن دوو ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت، ئێمە بە دوو دەفتەر(٢٠ هەزار دۆلار) چاکیدەکەین و خۆشمان پارەکەی دەدەین".



PM:07:14:18/03/2019