هەسەدە سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند

شەڕڤانانی هەسەدە کۆتاییهاتنی خەلافەت و دەسەڵاتداریەتی دوا پێگەی داعشی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا راگەیاند.

 ئەمڕۆ پێنجشەممەە 21ی ئازاری 2019 کە یەکەم رۆژی جەژنی نەورۆزە هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" رایگەیاند، داعش لە گوندی باغۆز لە پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا، تێکشکا و بە تەواوی کۆتایی هات.

چەند هەفتەیەکە هەسەدە بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی هێرشێکی فراوانی بۆ سەر دوایین بنکە و بارەگاکانی داعش لە سووریا لە گوندی باغۆز دەست پێکردووە، بەهۆی بوونی مەدەنیش لە ناوچەکە هێرشەکان لەسەرخۆتر بەڕێوەدەچوو.

لەلایەکی دیکەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە کۆنترۆڵی تەواوی باغۆز بکەن و لە ئێستاشدا هەڵمەتی گەڕان و پشکنین لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە بۆ پاککردنەوەی تەواوی تونێلەکانی ناوچەکە کە ئەگەر هەیە هەندێک چەکداری داعش خۆیان تێدا حەشاردابن.

هاوکات روانگەى سوری ئاشکرایکرد، بە پێی ئەو بەڵگانەى دەستیکەوتوون لە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی دوا ناوچەی داعشدا زیاتر لە ٤٧٤ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و کە ١٦٤یان منداڵ بوون و ٩٧یان ئافرەت بوون، هەروەها هەزار و ٤٤٢ چەکداری داعش کە چەندین سەرکردەی تێدابووە کوژراون و  ٧٥٣ شەڕڤانی هەسەدەش شەهیدبوون.

چەند کاتژمێرێک پێش ئێستاش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە کۆشکی سپی نەخشەیەکی شوێنی بڵاوبوونەوەی داعشی پیشانی رۆژنامەنووسان دا و ئاماژەی بەوەدا، ئەوە نەخشەی بڵاوبوونەوەی داعشە لە ساڵی ٢٠١٦ کە بە سور دیاریکراوە و ئەوەی خوارەوەش نەخشەی ئێستایە و تەنها یەک خاڵی سوری بچوک ماوە بۆ داعش و ئەمشەویش (بەکاتی ئەمریکا) ئەو خاڵە بچوکە دەسڕدرێتەوە و لەناودەچێت.



AM:10:48:21/03/2019