پارتی پرۆژەیاسای هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم رادەستی پەرلەمان دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان پرۆژەیاسایەکی بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوەو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵیت ئەگەر یەکیێتی ئامادە نەبێت کارەکانی هەموارەکە راناوەستێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەن بەبێ‌ یەكێتی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار نەكەنەوە. لەهەمانکاتدا گوتیشی، ئەگەر هەر نەهاتن، هەمواری یاساكە راناگرن.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیای نزیک لە حزبەکەی راگەیاند "بە هاوكاری لایەنەكانی دیكە سەرقاڵی كارەكانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانن".

وتیشی، "هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە بەبێ‌ یەكێتی ئەو كارە نەكریت، بەڵام ئەگەر هەر نەهاتن، كارەكانی هەموواری یاساكە راناگیرێ‌".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان  باسی لەوەشكرد "تاوەكو نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، لە هەمواری یاساكە ئەو بڕەگەیەی دەستكاری دەكرێت كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێ‌، نەك خەڵكی".

بەپێی زانیارییەکان لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ دیاریکردنی لیژنەکان، فراکسیۆنی پارتی پرۆژەیاسایەکی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆ چۆنیەتی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی 29ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 2017 لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان، پەرلەمان دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەسەر هەریەكە لە حكومەت، پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەریدا دابەشكرد، لە 11ـی تەمموزی 2018ـیشدا پەرلەمان دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستانی هەڵپەسارد، تاوەكو ئەوكاتەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم ئەنجام دەدرێت. لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان کاندید كردووە.


PM:12:56:23/03/2019