هەسەدە: لەشەڕی داعش ١١ هەزار شەهیدو ٢١ هەزار بریندارمان هەیە

هێزەکانی سوریای دیموکراتی لەکاتی راگەیاندنی سەرکەوتنی هێزەکانیان و هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی لە دژی داعش ئاشکرایان کرد کە لەو شەڕە قورسەدا ١١ هەزار شەڕڤان لە پیاو و ژن شەهیدبوون و ٢١ هەزاریش برینداربوون.

مەزلوم عەبەدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە کۆنگرەی رۆژنامەگەری سەرکەوتن بەسەر داعشدا کە لەنزیک باغۆز سازکرا وتی " شەڕی رزگارکردنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەشاری کۆبانیەوە دەستیپێکردو ئەمرۆ لە باغۆز سەرکەوتنی سەربازی بەتەواوی بەسەر داعش دا رادەگەیەنین".

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هێزەکانیان توانیویانە بەڕووبەری ٥٢ هەزار کیلۆمەتر لە خاکی سوریا لە چنگی چەکدارە تیرۆریستی داعش رزگار بکەن.

مەزلوم عەبدی وتیشی شەڕی دژی داعش و تیرۆر بەگشتی بەردەوام دەبێت و، هەڵمەتی پاککردنەوەی ناوچەکە ئەنجامدەدەین لە دژی شانە نووست و چەکدارە پەرتەوازەکانی داعش و رێکخراوە تیرۆریستەکان.

ئەو لە درێژەی وتارەکەیدا وتیشی " لە رۆژانی داهاتوودا خەڵکی ناوچەیئ باغۆز لە رێگای دیموکراسیەوە بەڕێوەبەری مەدەنی سەرخۆ بۆخۆیان هەڵدەبژێرێن".

هەروەها لەو مەراسیمەدا ولیەم رۆبد راوێژکاری دێرینی هێزەکانی هاوپەیمانی کە لەلایەن ئەمەریکاوە سەرۆکایەتی دەکرێت، وتارێکی خوێندەوەو تیایدا بەردەوامی پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی دووپات کردەوە.

لە مەراسیمەکەدا بەرپرسانی تری هەسەدەو ڕێبەری خۆ سەر وتاریان پێشکەشکرد. 



PM:04:10:23/03/2019