سەرۆکی چیک: حکومەتی تورکیا هاوپەیمانی راستەقینەی داعشە

سەرۆک کۆماری چیک، میلۆس زیمان، دەڵێت " حکومەتی تورکیا هاوپەیمانی ڕاستەقینەی داعشە، هەربۆیەش هێرش دەکاتە سەر کوردەکان".

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردوەتەوە، کە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە، میلۆس زیمان، سەرۆک کۆماری چیک لە کاتی قسەکردنیدا بۆ کۆمەڵێک خەڵک لە ناوچەی کارلۆڤی ڤاری لە چیک، باسی پشتیوانی تورکیای بۆ داعش کردووە.

میلۆس زیمان، کە لە ساڵی ٢٠١٣وە بووەتە سەرۆک کۆماری چیک، لە وەڵامی یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، کە پرسیاری کردوە: بۆچی تورکیا هێرش دەکاتە سەر کوردەکان؟ زیمان وەڵامی داوەتەوە و وتویەتی: "چونکە تورکیا هاوپەیمانی ڕاستەقینەی داعشە".
هەوەها ئاماژەی بە هێرشەکانی تورکیا کردووە بۆ سەر شەڕڤانە کوردەکان لە سوریا.

سەرۆک کۆماری چیک دەڵێت: تورکیا هاوکاری مادی و لۆجیستیکی داعش و گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەکات، کە بەشێکی زۆری خاکیان لە سوریا و عێراق داگیرکردبوو، ئەوەش بۆ هەناردەکردنی نەوتی ژێر دەستی داعش و ئەو گروپە تیرۆریستانە.

میلۆس زیمان ئاماژەی بەوە کردووە، کە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئەردۆغان، تورکیای کردوە بە دەوڵەتێکی ئیسلامیی، "تورکیا هیچی دیکە دەوڵەتێکی عەلمانی نییە، بەڵکو دەوڵەتێکی خاوەن ئایدۆلۆژیای ئیسلامییە، ئەوەش وا دەکات تورکیا نزیک بێت لەو گروپە ڕادیکاڵ و توندڕەوە ئیسلامیانەی هێرش دەکەنە سەر کوردەکان".

وڵاتی چیک دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەوروپاوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠ ملیۆن کەسە، لە ساڵی ٢٠١٣شەوە میلۆس زیمان بووەتە سەرۆک کۆماری چیک.



PM:08:56:23/03/2019