له ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میت) و سوپای توركیادا له قه‌ندیل هێرشی ئاسمانی كرایه‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه".
ئاژانسی ئه‌نادۆڵ بڵاویكرده‌وه كه به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له سه‌رچاوه ئه‌منیه‌كانه‌وه دهستكهوتوون "له ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شی میت و سوپادا، رۆژی پێنجشه‌ممه 21ی ئادار، ره‌زا ئاڵتون كه یه‌كێكه له كهسایەتییهكانی نزیك لە جه‌میل بایك فه‌رمانده‌ی په‌كه‌كه، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی دیكه‌دا له ئۆپه‌راسیۆنێكی ئاسمانی‌دا بۆسه‌ر قه‌ندیل كراونه‌ته ئامانج ".
ئاژانسه‌كه ده‌ڵێت: "له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا، هه‌ریه‌ك له میكایل ئۆزده‌میر، كه نازناوی "ناودار"ه به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوی په‌كه‌كه، ئه‌مروڵڵا دورسون كه نازناوی "سه‌رحەد ڤارتۆ"یه وته‌بێژی رێكخراوی په‌كه‌كه و عه‌لی ئاكتاش كه نازناوی "سینان سۆر"ه و به‌رپرسی ناوچه‌ی قه‌ندیلی رێكخراوه‌كه‌یه له چالاكی خراون".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "دوای ئه‌وه‌ی میت به‌وه ده‌زانێت كه ره‌زا ئاڵتون، بڕیاره كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له ناوچه‌یه‌كی نزیك سنووری ئێران له قه‌ندیل ئه‌نجام بدات، ده‌ست به ئاماده‌كارییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ده‌كرێت. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چاودێری ده‌خرێته سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و رێگه و ئۆتۆمبیلانه‌ی كه ره‌نگه ره‌زا ئاڵتون به‌كاری بهێنێت".
ئه‌نادۆڵ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "پاشان له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی به‌یره‌قدار تی بی-2ه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێت كه ره‌زا ئاڵتون به یاوه‌ری هه‌ریه‌ك له میكایل ئۆزده‌میر و ئه‌مروڵا دورسون، چوونه‌ته گوندی ئه‌بو بهكرهی سه‌ر سنووری ئێران له قه‌ندیل. دواتر فڕۆكه جه‌نگییه‌كان له جۆری ئێف-16ی سوپای توركیا به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانی، ئاماده‌كاری پێویست ئه‌نجام ده‌ده‌ن".
ده‌شڵێت: "دوای ته‌واوكردنی ئاماده‌كارییه‌كان له كاتی نیوه‌ڕۆی 21ی ئادار رۆژی پێنجشه‌ممه ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه هه‌ستیاره‌ی میت د‌یاریكردبوو به ته‌واوی له ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانی‌دا پێكرا".
روونیشیكرده‌وه كه "ره‌زا ئاڵتون كه په‌یوه‌ندییه‌كانی رێكخراوی په‌كه‌كه له‌گه‌ڵ كاراكته‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ناوچه‌كه رێكده‌خات و به سه‌ختی بریندار بووه و چاره‌نووسی دیار نییه".
تا ئێستا پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" هیچ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه كه ئه‌و زانیارییانه پشتڕاست بكاته‌وه یاخود ره‌تی بكاته‌وه.