ئیسرائیل بۆردومانی فڕۆكەخانەی حەلەبی كرد

وەزارەتی بەرگری سووریا، رایگەیاند، هێزی بەرگری ئاسمانی سوپای سووریا وەڵامی دەستدرێژییەكی ئیسرائیلیان بۆ سەر فڕۆكەخانەی حەلەب و ناوچەی پیشەسازی داوەتەوە.

وەزارەتی بەرگری سووریا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، كاتژمێر 11ی شەوی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی فڕۆكەخانەی حەلەب و ناوچەی پیشەسازی بە مووشەك كردووە و هێزی بەرگری ئاسمانی سووریا بەرپەرچی پەلامارەكەی داوەتەوە و ژمارەیەك لە مووشەكە ئیسرائیلییەكان لە ئاسماندا تەقێنراونەتەوە.

روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندووە، ئەو پەلامارەی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی كۆگای هێزەكانی سووریا بووە و هاوكات بەو هۆیەوە كارەبا لە پارێزگای حەلەب بڕاوە.

ئەو بۆردومانەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لە كاتێكدا بووە، كە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێكی تایبەتی لە بارەی پرسی بەرزاییەكانی جۆلان بەڕێوەدەبرد.




AM:09:11:28/03/2019