وەزیری پەروەردە: مامۆستایانی گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "وەزارەتی پەروەردە پلانی ستراتیژیی داناوە بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ مامۆسـتایانی گرێبـەسـت و كردنیان بە هەمیشەیی بەپـێی پـێویستی لە قـوتابخانەكاندا".

د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە "بەهـۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵانی ڕابردوودا حـكوومـەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك دامەزراندنی مامۆستایانی وەسـتاندبوو بۆ دامەزراندنی مامۆستایان و یاخود مامۆستایانی گرێبەست بۆ هەمیشەیی، پێـویستمان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەیە، خۆشبەختانە دوای تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە، بەرچاوڕوونیی باش بەدی دەكرێـت بۆ ئەوەی مامۆستایان بەگوێرەی ئاست و پێویستی دامەزراندنیان بۆ بكرێـت، هەروەها ئەو بۆشاییانەی دروست بوون پڕ بكرێنەوە، بەڵام وا پێدەچێـت بكەوێتە كابینەی داهاتووەوە".

وتیشی "مامۆستایانی وانەبێـژ بەپێی ئاستی بڕوانامەكانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێـت، ماستەر، دكتۆرا، بەكالۆریۆس، دیپلۆم، بە گوێرەی ڕێنمایی وەزارەتی دارایی مووچەیان بۆ خەرج دەكرێـت".

جەختی لەوەشكردەوە "وەزارەتی پەروەردە پلانی درێـژخایەنی هەیە بۆ بەرەوپێشبردن و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردەیی قوتابخانەكان لە هەرێمی كوردستان".




PM:12:30:28/03/2019