بەبێ یەکێتی‌و نەوەی نوێ‌و کۆمەڵ‌و یەکگرتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرا


فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی نەکردو، نەوەی نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵیش بایکۆتی دانیشتنی خوێندنەوەی یەکەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرا.

بەم پێیە، ٤١ کورسی پەرلەمانی دژی ئەم جۆرە هەموارکردنەوەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم وەستانەوە، ٢١ ی یەکێتی، ٩ ی نەوەی نوێ، ٦ ی کۆمەڵ، ٥ ی یەکگرتووی ئیسلامی. داکۆکیکاری راستەقینەی پرۆژەکەش پارتی و گۆڕانە.

شێرکۆ جەودەت سەرکۆی فراکسیۆنی یەکگرتووش وتی "، پەیڕەوی ناوخۆ پێشێلکراوە لە هەڵبژاردنی پڕۆژە یاساکانی فراکسیۆنەکان، شێوازی تاکڕەویی پەیڕەو دەکرێت و دروستکردنی پۆست و پلەوپایە خراوەتە پێش خەمەکانی خەڵکەوە".

ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکایەتی پەرلەمان لایەنگیریی بۆ هیچ فراکسیۆنێک نەکردووە و هێشتا کات ماوە بۆ رێککەوتنی سەرجەم فراکسیۆنەکان لەسەر کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "ئێمە نابین بە بەشێک لە پرۆژەیەک کە قسەی ئەوانی تێدا وەرنەگیرابێت".

هەوەها وتیشی " ئەمەش دەستپێکردنی سەرەتایەکی خراپە کە لەسەر پرسێکی گشتییە و رەهەندێکی نیشتمانیی هەیە".

فراکسیۆنی نەوەی نوێش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، پەیڕەی ناوخۆی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە پێشێلکراوە.
ئەوان دەڵێن" لە کوێی دنیادا هەبووە پەرلەمان سەرۆک هەڵبژێرێت و نەشتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات".

کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دووەم هێزی کوردستانە بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد، بەو پێیەی لەگەڵ پارتی رێکنەکەوتووە.



PM:04:26:30/03/2019