پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند

پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند كە هەستاون بە دزینی چەندین ئۆتۆمبێل و دواتر لە بازاڕ فرۆشتویاننەتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەکردووە، پاش بەدەستهێنانی زانیاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی ناحیەی سەنگەسەر و یاریدەدەریەتی ئاسایشی قەڵادزێ دوو كەسیان دەستگیركرد بەناوەكانی (ع.ز.ر) كە لەدایكبووی ساڵی 1981 دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەكی راپەڕین، تۆمەتباری دووەم بەناوی (ئـ.غ.م) لەدایكبووی ساڵی 1994 دانیشتووی كەركوك گەڕەكی ئازادی.

ئەوەشهاتووە، تۆمەتبارەكان لەبەردەم پۆلیسی دادگا دانیان ناوە بەتاوانەكەیداو بەوتەی خۆیان لەڕێگەی بەكارهێنانی چەك و چەقۆ هەڕەشەو تەقەیان لەخەڵك كردووەو تۆمەتباری یەكەمیش پێشتر ماڵی لە هەولێر بووە، بەڵام ماوەیەك بەر لەئێستا ماڵەكەی گواستۆتەوە بۆ قەڵادزێ.

ئاماژە بەوەشکراوە، پاش لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەوتەی خۆیان هەستاون بە دزینی پێنج ئۆتۆمبێل لە جۆرەكانی (توێتا/ كرۆلا) و (توێتا/ كرۆلا، تكسی) و (توێتا/ پیكاب) و (سەنی/نیسان) و ئۆتۆمبێلێكی تری بارهەڵگر، پاشان ئۆتۆمبێلەكانیان لە بازاڕ فرۆشتووە.

پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستووەتەڕوو،كە تۆمەتبار (ع.ز.ر) دانیناوە بەوەشدا لە شاری هەولێر دوكانێكی مۆبایلیان بڕیوەو حەوت مۆبایلیان بردووە، دەشڵێت لە هەمان شار تەقەی لە هاووڵاتیەك كردوەو پاشان برینداریكردوەو لەسەر ئەو روداوەش لەلایەن دادگای هەولێرەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەڕیندا هاتووە، بەبڕیاری دادوەرو بەماددەی 443 لە ئێستادا (ع.ز.ر) راگیراوەو لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوام و تۆمەتباری دووەمیش كە ئێستا لەنەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەكرێ لەژێر چاودێری دایە، دۆسیەی لێكۆڵینەوەش بۆ روداوەكە كراوەتەوەو لێكۆڵینەوە بەردەوامە.


AM:12:08:05/04/2019