پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ دووەم رێککەوتن واژوو دەکەن
ئەمڕۆ ٨ی نیسان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ پارتی و یەکێتی رێککەوتنی دووەمی نێوانیان واژوو دەکەن، ئەم رێککەوتنە دوای ئەو رێککەوتنە سیاسیە دێت کە سەرەتای مانگی رابردوو ئەنجامیان دا.
بڕیارە ئەمڕۆ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ ئەو رێککەوتنە واژوو بکەن کە تایبەتە بە دابەشکردنی پۆستەکان، رێککەوتنەکە لەهەولێر واژوو دەکرێت، ئەگەر هیچ کێشەیەکی سیاسی و هونەری نەیەتە پێش.
بەپێی رێککەوتنەکە یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت و شەش وەزارەت: پێشمەرگە، پلانان دانان، کشتوکاڵ، رۆشنبیری، خوێندنی بالآ، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ناوچە جێناکۆکەکان وەردەگرێت، لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جێگرێکی سەرۆکی هەرێمیش بۆ کاروباری پێشمەرگە یەکێک دەبێت لە پۆستەکانی ئەوان، بەلآم پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەوان پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگەیان بۆ یەکێتی داناوە. ( ئەگەر ئەمە نەبێتە کێشە ئەمڕۆ واژووی رێککەوتنەکە دەکرێت).
رۆژی ٤ ی ئازاریش هەمان دوو بەرپرسی پارتی و یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ رێککەوتنی سیاسی یەکەمی نێوانیان کە زیاتر رێککەوتنێکی سیاسی بوو لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان و بەغدا واژوو کرد.
AM:09:07:08/04/2019