واژووکردنی رێککەوتنی پارتی ‌و یەکێتی دواکەوت

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ ٨ یئ نیسان لە هەولێر دووەم رێککەوتنی پارتی و یەکێتی کە تایبەتە بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت واژوو بکرێت، بەڵام لەسەر داوای پارتی کۆبوونەوەکە داخرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" دواکەوتنی واژووکردنی رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، لەسەر داوای پارتی بووە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تا ئێستا نەزانرێت پارتی بۆ داوای دواخستنی کردووە، بەڵام ئەو پێێوابوو دەکرێت بابەتی تەکنیکی بێت، یان دەکرێت بەهۆی ئەو ناکۆکیەوە بێت کە لەسەر ناوهێنانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێم لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان لە ئارادایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی یەوە بە سپی راگەیاند" پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم، یان یایدەدەری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی دەچێتە پەرلەمانەوەو لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یەکلایی دەکرێتەوەو دەنگی لەسەر دەدرێت.

هەرچەندە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەمڕۆ رێوڕه‌سمی‌ ئیمزاكردنه‌كه‌ ئه‌نجامنادرێت و له‌رۆژانی‌ داهاتوودا ده‌كرێت، دواخستنه‌كه‌ش له‌سه‌ر داوای‌ هه‌ردوولا بووه‌".

ئەمڕۆ بڕیار بوو جێگری سەرۆکی پارتی نێچرڤان بارزانی و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆسرەت رەسوڵ واژووی رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەن، بەڵام دوا کەوت.



AM:11:35:08/04/2019