بەپێی ئەنجامە بەراییەكان بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەهەڵبژاردنه پەرلەمانییەكەی وڵاتەكەیدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە.
دوای جیاكردنەوەی 96% ی دەنگەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ بەجیاوازییەكی كەم پێش ركابەرەكانی كەوتووە و بەپێی ئەو ئەنجامەش پارتی لیكود، بەسەرۆكایەتیی بنیامین نەتانیاهۆ، 37 كورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و پارتی شین و سپی-ی ركابەری نەتانیاهۆ بەسەرۆكایەتیی (بێنی گانتس) بووەته خاوەنی 36 كورسی.
بەپێی ئەو ئەنجامەش، نەتانیاهۆ هەلی ئەوەی بەدەستهێنا كە بۆ خولی پێنجەمی سەرۆكایەتیی حكومەتی ئیسرائیل هەڵبژێردرێتەوە و ببێتە یەكەم كەسایەتی لەمێژووی وڵاتەكەی بتوانێت زۆرترین ماوە لەو پۆستەیدا بمێنێتەوە.
دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی جیاكردنەوە و بژاردنەوەی دەنگەكان، ڕئۆڤین ڕیڤلین سەرۆكی ئیسرائیل یەكێك لە سەركردەكانی ئیسرائیل ڕادەسپێرێت كە لە ماوەی ٢٨ ڕۆژدا حكومەت پێكبهێنێت و ئەگەر پێویستیش بوو ماوەی دوو هەفتەی تری بۆ درێژ دەكرێتەوە.
سیستەمی دەسەڵاتی ئیسرائیل پەرلەمانییە، پەرلەمانیش لە ١٢٠ ئەندام پێكدێت، ئەركی داڕشتنی یاسا و چاودێریكردنی حكومەتە، پیكهێنانی حكومەت پێویستی بەدەنگی ٦١ ئەندام هەیە و لەماوەی چەندین دەیەی رابردوو هیچ پارتێك ئەو رێژەیەیی بەدەستنەهێناوە، بۆیە لەدوای زۆربەی هەڵبژاردنەكان حكومەتی هاوپەیمانی پێكهێندراوە.