له‌یلا مه‌جید شانۆكار و ده‌رهێنه‌ر، رایگەیاند "ئاماده‌یه له سینه‌ما خۆى ڕووت بكاته‌وه و به‌شدارى فیلمى پۆڕن بكات".
شانۆکار لەیلا مەجید لە جاوپێکەوتنێکیدا بۆ ماڵپەڕی وشە ئاماژەی بەوەکردووە "بێزارم له هه‌موو ئه‌وانه‌ی ژن و پیاو وه‌ك یه‌ك سه‌یر ناكه‌ن و ڕوانینیان بۆ ژن و پیاو وه‌ك مرۆڤ نییه و زیاتر وه‌ك دوو ڕه‌گه‌زی جیا لێیان ده‌ڕوانرێ، هەروەها بێزارم له هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێیان وایه ژن زه‌عیفه‌یه و توانای وه‌ك پیاو نییه، بێزارم له هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕێگرن له به‌رده‌م شكاندنی تابۆ و نه‌ریته كۆن و دزێوه‌كان".
ئەو شانۆکارە پێى وایه، کە پێوه‌ره‌كان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌كته‌ر و تواناكان هه‌ڵه‌ی تێدایه‌و بەپێویستی دەزانێت، کە به‌راوردكارییه‌كان به‌پێی دۆخ و زه‌مان و هه‌لومه‌رج و توانابێ، پێشی وایە ئه‌و دۆخ و هه‌لومه‌رج و توانایه‌ی بۆ سینه‌ما له كوردستان ته‌رخان كراوه، هه‌ر ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی لێ ده‌كرێ كه سینه‌ما و ئه‌كته‌ری كورد نه‌توانێ له‌وه زیاتر سنووره جیهانییه‌كان تێپه‌ڕ بكات".
بە وتەی لەیلا "ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌ره كورده‌كان ئه‌مڕۆ له‌و شوێنه‌ی ئه‌نجێلینا جولی و ئالپاچینۆ تێیدا په‌روه‌رده كراون و پێگه‌یشتوون و مه‌یدانیان دراوه‌تێ، ئه‌وانیش مه‌یدانیان ده‌درایه، بێگومان ئه‌مڕۆ له‌ناو كوردیشدا ده‌یان ئه‌ستێره‌ی جیهانی دروست ده‌بوو".
له‌باره‌ى بینینى ڕۆڵى ورووژێنه‌ر له فیلم و به‌رهه‌مه‌كاندا پرسیار ده‌كات و ده‌ڵێت، فیلمی ورووژێنه‌ر به‌رهه‌م دێ كه ئێمه لێی ئاگادار نین؟ ئایا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌ڵگری وه‌ها ژانرێكه؟ بێگومان ده‌بێ تابۆكان بشكێنرێن و له‌و پێناوه‌دا وه‌ك خۆم زۆر قوربانیم بۆ داوه و هه‌روا به‌رده‌وامیشم، به‌ڵام له كۆتادا ده‌بێ ڕێز له هه‌ندێ پره‌نسیپ و نه‌ریتی باو و جوانی كۆمه‌ڵگه بگرین.
ده‌شڵێت "فیلمی ورووژێنه‌ر كه واتاكه‌ی فیلمی پۆڕن ده‌كات، له كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی جێی نابێته‌وه و ته‌نیا بازرگانیی نێرسالارانه‌یه به ژنانه‌وه، بۆیه من دژ به‌م چه‌شنه فیلمانه‌م، بەڵام ئه‌گه‌ر خۆڕووتكردنه‌وه‌ی من له به‌رده‌م كامێرا و بۆ سینه‌ما، ببێت به هۆی گه‌شه و سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كه‌م، ته‌حه‌دا ده‌كه‌م و ئاماده‌م له‌پێناو خاك و نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌مدا ورووژێنترین ڕۆڵ ببینم كه هیچ ئه‌كته‌رێكی بیانیش غیره‌تی ڕۆڵی وا نه‌بێ".